سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی کورد کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا

سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی دوو گیان کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، شەوی شەممە ١٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٢ هاوکا

١٩ بانەمەڕ ٢٧٢٢، ١٥:٠٨

 

هەنگاو: دووشەممە ١٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٢

سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی دوو گیان کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، شەوی شەممە ١٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٢ هاوکات لەگەڵ یازدەیەمین ڕۆژی مانگرتنەکەی لە سەر داوای بەرپرسانی ئورمیە و دوای ئەوەی کە بەڵێنییان دا داواکارییەکانی جێبەجێ بکەن، کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێناوە.

هەنگاو زانیویەتی کە بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە بەڵێنیان داوە کە ڕۆژی دووشەممە ناوبراو ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئورمیە دەکەن هەتا لەژێر چاودێرییی پزیشکدا بێت. بەڵام ئەمڕۆ دوو شەممە سوعدا خەدیرزادە بانگ کراوە و بەپێچەوانەی بەڵێنەکانی پێشوویان پێیان ڕاگەیاندووە کە ڕەوانەی نەخۆشخانە ناکرێت و تیمێکی پزیشکی داد بە مەبەستی ئەنجامی سنۆگرافی و پشکنینی پزیشکی دێنە بەندیخانە.

چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو بەندیخانەی ئورمیەوە بە هەنگاویان ڕاگەیاندووە کە بەرپرسانی بەندیخانە بە سوعدایان ڕاگەیاندووە کە لە ڕۆژانی داهاتوودا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد دەگوازرێتەوە.


سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی خەڵکی پیرانشار کە دووگیانە و کۆرپەلەکەی ٨ مانگانە لە ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕەوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ٧ مانگ ناڕوونی چارەنووسی لە بەندیخانە، مانی لە خواردن گرتبوو.

هەنگاو چەند ڕۆژ پێش ئێستا تۆمارێکی دەنگی سوعدا خەدیرزادەی بڵاو کردەوە کە، سوعدا خەدیرزادە تێیدا دەڵێت منیان وەک بارمتە لە بەندیخانە ڕاگرتووە و بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ هەڕەشەیان لە من کردووە.

دوای میدیایی کردنەوەی ئەم دۆسیەیە لەلایەن ڕێکخراوی هەنگاوەوە، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی پێنجشەممەی ڕابردوو ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و وتی: «بەرپرسانی ئێران لە کردەوەیەکی بێ ڕەحمانەدا بە گیان و تەندروستی ژنێکی دووگیان بە ناوی سوعدا خەدیرزادە کایە دەکەن. ئەم بەندکراوە کوردە کە لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە کۆرپەلەکەی ٨ مانگانە و نەخۆشیی دڵ و گورچیلەی هەیە. بەم حاڵەشەوە بەرپرسان ناوبراویان لە گواستنەوە بۆ ناوەندێکی پزیشکی بێبەش کردووە»

سوعدا خەدیرزادە تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی پیرانشار ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧٢١) ١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گوازرایەوە. ناوبراو دوای ٢٥ ڕۆژ و تەواوبوونی لێپرسینەوەکانی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە و لەو کاتەوە بێ ئەوەی دادگایی بکرێت لە بەندی ژنان ڕاگیراوە لە خزمەتگوزاری پزیشکی تایبەت بە قۆناغی دووگیان بوون بێبەش کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە