سوعدا خەدیرزادە تەنیا چەند ڕۆژی ماوە کە منداڵەکەی لەدایک بێت و هێشتا لە بەندیخانەیە

لە کاتێکدا کە کۆرپەلەکەی سوعدا خەدیرزادە پێی ناوەتە ناو ٣٨مین مانگی خۆی و تەنیا چەند ڕۆژی ماوە کە لە دایک بێت، سەرباری بەڵێنی بەرپرسانی بەندی

٢ جۆزەردان ٢٧٢٢، ١٠:٥١

 

هەنگاو: دووشەممە ٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٢

لە کاتێکدا کە کۆرپەلەکەی سوعدا خەدیرزادە پێی ناوەتە ناو ٣٨مین مانگی خۆی و تەنیا چەند ڕۆژی ماوە کە لە دایک بێت، سەرباری بەڵێنی بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە بە سوعدا خەدیرزادە بە مەبەستی ناردنە دەرەوەی ناوبراو بۆ دەرەوەی بەندیخانە دوای کۆتایی مانگرتنەکەی، ئەم بەندکراوە کوردە هێشتا لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە و تەندروستیی خۆی و کۆرپەلەکەی لە مەترسیدایە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی خەدیرزادە لەمبارەوە بە هەنگاوی وت: «سوعدا ڕۆژی پێنجشەممە پەیوەندی بە ماڵەوە گرتووە و وتوویە کە بەرپرسانی بەندیخانە پێمیان ڕاگەیاندووە کە بنەماڵەکەم ئاگادارم بکەمەوە هەتا ڕۆژی شەممە و یەکشەممە بڕۆنە دادگای مەهاباد و بارمتە دابنێن بۆ ئازادی کاتیم، بەڵام کاتێک بنەماڵەی خەدیرزادە سەردانی دادگای مەهابادیان کردووە پێیانیان وتووە کە هیچ نامەیەک لە بەندیخانەی ئورمیەوە بۆ ئێمە نەهاتووە».

سەرەتای حەفتەی ڕابردوو گرووپی پزیشکی پزیشکی داد دوو جار لە ناو بەندیخانە پشکنینیان بۆ سوعدا خەدیرزادە ئەنجام داوە و سەرجەم بەڵگە پزیشکییەکانی ناوبراویان پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە ئەم بەندکراوە سیاسییە پێویستە لە بەندیخانە نەمێنێت. سەرباری ئەوەی کەمتر لە دوو حەفتە ماوە بۆ لەدایکبوونی منداڵەکەی سوعدا بەرپرسانی بەندیخانە هەتا ئێستا لە ناردنی سوعدا خەدیرزادە بۆ بنکە تەندروستییەکانی دەرەوەی بەندیخانە و هەروەها ئازادی کاتی ناوبراو بە دانانی بارمتە خۆیان بواردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو بەندیخانەی ئورمیەوە بە هەنگاوی وت: «یەکێک لە پزیشکەکان بە ناوی خاتوو توانا دوای ئەوەی پشکنینی پزیشکی بۆ سوعدا کردووە وتوویە ئەم بەندکراوە دەبێت خێرا ڕەوانەی نەخۆشخانە بکرێت و هاوکات لەگەڵ منداڵبوونەکەی دەبێت نەشتەرگەریی دیسکی کەمەر (بڕبڕەی پشت) ی بۆ کرێت و دوای نەشتەرگەرییەکەش بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ پشوو بدات.»


جێگای ئاماژەیە کە سوعدا خەدیرزادە سەڕەڕای ئەوەی نەخۆشیی دیسکی کەمەری هەیە، نەخۆشی دڵیشی هەیە و هەر دوو گورچیلەکەشی ئازاریان هەیە و سەرباری ئەمانە و لەژێر گوشاری ئیدارەی ئیتلاعات مافی مرەخەسی پێ نادرێت.

سوعدا خەدیرزادە لە ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕ هەتا شەممە ١٧ی بانەمە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ٧ مانگ ناڕوونی چارەنووسی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە مانی لە خواردن گرتبوو کە دوای ١١ ڕۆژ و بەڵێنی بەرپرسانی بەندیخانە لە سەر جێبەجێکرانی داواکارییەکانی، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

هەنگاو ماوەیەک پێش تۆمارێکی دەنگی سوعدا خەدیرزادەی بڵاو کردەوە کە، سوعدا خەدیرزادە تێیدا دەڵێت منیان وەک بارمتە لە بەندیخانە ڕاگرتووە و بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ هەڕەشەیان لە من کردووە.

سوعدا خەدیرزادە تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی پیرانشار ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گوازرایەوە. ناوبراو دوای ٢٥ ڕۆژ و تەواوبوونی لێپرسینەوەکانی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە و لەو کاتەوە بێ ئەوەی دادگایی بکرێت لە بەندی ژنان ڕاگیراوە لە خزمەتگوزاری پزیشکی تایبەت بە قۆناغی دووگیان بوون بێبەش کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە