سوعدا خەدیرزادە سزای ١٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا

سوعدا خەدیرزاە بەندکراوی سیاسیی کورد کە ئێستا لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، لەلایەن لقی سێیەمی دادگای تاوانەکانی یەک جێگیر لە لە م

١٥ خەرمانان ٢٧٢٢، ١٦:٣٦


هەنگاو: سێشەممە ١٥ی خەرمانانی ٢٧٢٢

سوعدا خەدیرزاە بەندکراوی سیاسیی کورد کە ئێستا لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، لەلایەن لقی سێیەمی دادگای تاوانەکانی یەک جێگیر لە لە مەهاباد سزای ١٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەم بڕیارەی دادگا ئەمڕۆ سێشەممە ١٥ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) بە فەرمی بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوە.

دادگای ئۆنلاینی سوعدا خەدیرزاد بەندکراوی سیاسی کورد کە ماوەیەک پێش و دوای ئەوەی ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ لەپێش کامێرا کردبوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە هەوڵی خۆکوشتنی دا، ڕۆژی چوارشەممە ٢ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٢٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) بەڕێوەچوو.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە سوعدا خەدیرزادە لەلایەن لقی سێیەمی دادگای تاوانەکانی یەک جێگیر لە شاری مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر غوڵام کەریم خانی بە تۆمەتی» هاوکاری لە کوشتنی خدر پیرۆتی نیا کادیری ئیتلاعاتی ئورمیە و هاوکاری تۆمەتباری سەرەکی کوشتنەکە (هاوژینەکەی) بۆ دەربازبوونی دادگایی کراوە. هەروەها بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دادگایی بکرێت.

جێگای ئاماژەیە کە لە دانیشتنی دادگادا سوعدا خەدیرزادە هەموو ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵی ڕەد کردووەتەوە و پێشتریش لە تۆمارێکی دەنگیدا کە لەلایەن هەنگاو بڵاو کرایەوە وتبووی کە من وەکوو بارمتە دەستبەسەر کراوم.
خدر پیرۆتی نیا یەکێک لە کادیرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە ڕۆژی سێشەممە ١٣ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) لە ناو شاری پیرانشار هێرشی کرایە سەر و کوژرا.

هاوژینی سوعدا خەدیرزادە کە لە دانیشتنی دادگادا وەکوو تۆمەتباری سەرەکی کوژرانی خدر پیرۆتی نیا ناسراوە، چەند ڕۆژ دوای کوژرانی ئەم کادیرەی ئیدارەی ئورمیە زێدەکەی بەجێهێشتووە. سوعدا خەدیرزادە کە ئەو کات دووگیان بوو ١٠ ڕۆژ دوای کوژرانی ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە ماڵی هێورەکەی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کرا و دوای ٢٥ ڕۆژ لێپرسینەوە و ئەشکەنجە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە.

سوعدا خەدیرزادە قۆناغی دووگیانی و لەدایکبوونی کۆرپەکەشی بەبێ هەبوونی خۆراکێکی باش و کەمترین ئیمکاناتی تەندروستی لە بەندیخانە بووە و تەنانەت ١٠ کاتژمێر دوای نەشتەرگەریی سزاریەن لە نەخۆشخانەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئورمیە گوازرایەوە بە جۆرێک کە هیچ یەک لە ئەندامانی بنەماڵەکەشی لە کاتی لەدایکبوونی منداڵەکەی لای نەبوون.

جێگای ئاماژەیە کە سوعدا خەدیرزاد لە کاتێک کە کۆرپەلەکەی ٨ مانگان بوو بۆ ماوەی ١١ ڕۆژ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ناڕوونی دۆسیەکەی و مانەوەی لە بەندیخانە مانی لە خواردن گرتبوو.

سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی کورد بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (١٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) دوو ڕۆژ دوای ئەوەی کە ناچار بە دانپێدانانی تەلەڤزیۆنی کرابوو لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەڕێگەی خۆهەڵواسینەوە هەوڵی خۆکوشتنی دا و کۆرپە دوو مانگەکەی دەرمانخوارد کردبوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە