دادگای ئۆنلاینی سوعدا خەدیرزادە بەڕێوە چوو + تۆماری دەنگی

دادگای ئۆنلاینی سوعدا خەدیرزاد بەندکراوی سیاسی کورد کە ١٠ ڕۆژ پێش و دوای ئەوەی ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ لەپێش کامێرا کردبوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی

٥ خەرمانان ٢٧٢٢، ١٢:٢٦


هەنگاو: شەممە ٥ی خەرمانانی ٢٧٢٢

دادگای ئۆنلاینی سوعدا خەدیرزاد بەندکراوی سیاسی کورد کە ١٠ ڕۆژ پێش و دوای ئەوەی ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ لەپێش کامێرا کردبوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە هەوڵی خۆکوشتنی دا، ڕۆژی چوارشەممە ٢ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٢٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) بەڕێوەچوو.

بەگوێرەی تۆمارێکی دەنگی سوعدا خەدیرزادە کە بە دەستی هەنگاو گەیشتووە، ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە وێڕای ئاماژە کردن بە هەوڵی خۆکوشتنەکەی جەخت دەکاتەوە کە گوشارێکی دەروونی زۆری لەسەرە و چەند جاری دیکەش هەوڵی خۆکوشتنی داوە.

سوعدا خەدیرزادە هەروەها دەڵێت کە ئەو ڤیدیۆیەی کە لەم دواییانەدا ماڵپەڕی میزان، ماڵپەڕی فەرمیی دەزگای دادی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، هی چەند ڕۆژ پێش ئەوەیە کە من هەوڵی خۆکوشتن بدەم.

 


هەنگاو زانیویەتی کە سوعدا خەدیرزادە لەلایەن لقی سێیەمی دادگای تاوانەکانی یەک جێگیر لە شاری مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر غوڵام کەریم خانی بە تۆمەتی» هاوکاری لە کوشتنی خدر پیرۆتی نیا کادیری ئیتلاعاتی ئورمیە «و» هاوکاری تۆمەتباری سەرەکی کوشتنەکە (هاوژینەکەی) بۆ دەربازبوونی «دادگایی کراوە. هەروەها بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە تۆمەتی» ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران «دادگایی بکرێت.

جێگای ئاماژەیە کە لە دانیشتنی دادگادا سوعدا خەدیرزادە هەموو ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵی ڕەد کردووەتەوە و پێشتریش لە تۆمارێکی دەنگیدا کە لەلایەن هەنگاو بڵاو کرایەوە وتبووی کە من وەکوو بارمتە دەستبەسەر کراوم.

خدر پیرۆتی نیا یەکێک لە کادیرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە ڕۆژی سێشەممە ١٣ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) لە ناو شاری پیرانشار هێرشی کرایە سەر و کوژرا.


هاوژینی سوعدا خەدیرزادە کە لە دانیشتنی دادگادا وەکوو تۆمەتباری سەرەکی کوژرانی خدر پیرۆتی نیا ناسراوە، چەند ڕۆژ دوای کوژرانی ئەم کادیرەی ئیدارەی ئورمیە زێدەکەی بەجێهێشتووە. سوعدا خەدیرزادە کە ئەو کات دووگیان بوو ١٠ ڕۆژ دوای کوژرانی ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە ماڵی هێورەکەی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کرا و دوای ٢٥ ڕۆژ لێپرسینەوە و ئەشکەنجە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە.

سوعدا خەدیرزادە قۆناغی دووگیانی و لەدایکبوونی کۆرپەکەشی بەبێ هەبوونی خۆراکێکی باش و کەمترین ئیمکاناتی تەندروستی لە بەندیخانە بووە و تەنانەت ١٠ کاتژمێر دوای نەشتەرگەریی سزاریەن لە نەخۆشخانەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئورمیە گوازرایەوە بە جۆرێک کە هیچ یەک لە ئەندامانی بنەماڵەکەشی لە کاتی لەدایکبوونی منداڵەکەی لای نەبوون.


جێگای ئاماژەیە کە سوعدا خەدیرزاد لەکاتێک کە کۆرپەلەکەی ٨ مانگان بوو بۆ ماوەی ١١ ڕۆژ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ناڕوونی دۆسیەکەی و مانەوەی لە بەندیخانە مانی لە خواردن گرتبوو.


سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی کورد بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (١٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) دوو ڕۆژ دوای ئەوەی کە ناچار بە دانپێدانانی تەلەڤزیۆنی کرابوو لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەڕێگەی خۆهەڵواسینەوە هەوڵی خۆکوشتنی دا و کۆرپە دوو مانگەکەی دەرمانخوارد کردبوو.

هەر وەک هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو، سوعدا خەدیرزادە ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی گەلاوێژ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە و پاراستنی زانیاری بەندیخانەی ئورمیە بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە چەندین کاتژمێر لە ژێر گوشار و لێپرسینەوەدا بووە. هەنگاو زانیویەتی هێزە ئەمنییەکان ویستوویانە ڕێگەی پەیوەندی سوعدا لەگەڵ دەرەوەی بەندیخانە و چۆنیەتی بڵاو بوونەوەی هەواڵەکانی لەسەر خۆی منداڵەکەی بڵاو دەکرێتەوە بزانن.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە