ناجێگیربوونی باری تەندروستیی سوعدا خەدیرزاد و منداڵەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە

سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی کورد کە ماوەی ٨ مانگ لە کاتی دووگیان بوونەکەی لە بەندیخانە بوو و ١٠ کاتژمێر دوای منداڵبوون لە ن

٧ گەلاوێژ ٢٧٢٢، ١٥:٢٧


هەنگاو: هەینی ٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٢

سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی کورد کە ماوەی ٨ مانگ لە کاتی دووگیان بوونەکەی لە بەندیخانە بوو و ١٠ کاتژمێر دوای منداڵبوون لە نەخۆشخانە گوازرایەوە بەندیخانە، بە بێ پێڕاگەیشتن و تەواوکردنی دەورەی دەرمانی گوازرایەوە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، خۆی و منداڵاکەی لە بارودۆخی ناجێگیردان.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سوعدا خەدیرزادە تووشی هەوکردن بووە و ڕۆژی هەینی هەینی ٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (٢٩ی جولای ٢٠٢٢) لە شوێنی تەقەڵی سزاریەنەکەی تووشی خوێنبەربوون بووە و تا ئێستا نەیانگواستووەتەوە بۆ ناوەندی دەرمانی.

ئەم سەرچاوە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە ئاڵا کچی سوعدا خەدیرزادە کە تەمەنی کەمتر لە ٤٠ ڕۆژە بە هۆی گەرمای زۆر و تاقەت پروکێنی بەندی ژنان و نەبوونی تەهویە و فێنک کەرەوە تووشی هەستیاریی و سک چوون بووە.
هەنگاو وێڕای بەپەرۆشبوونی خۆی بۆ دۆخی سوعدا و منداڵەکەی داواکاری گشتی و بەرپرسی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە نیسبەت گیانی سوعدا و منداڵەکەی بە بەرپرسیار دەزانێت.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە سوعدا خەدیرزادە بە هۆی نەبوونی پرۆگرامێکی خۆراکی گونجاو لە کاتی دوو گیان بوون و دوای منداڵبوونەکەی و هەروەها ئەو گوشارە دەروونییەی کە لە کاتی دەستبەسەرکراندا لە سەری بووە، ئێستا لەگەڵ کەمیی شیر بۆ خۆراکی منداڵەکەی بەرەوڕوو بووەتەوە.

سوعدا خەدیرزادە بۆ دابین کردنی خۆراکی کچەکەی بە ناوی سونیا (ئاڵا) لە ژنێکی دیکە کە ئەویش منداڵێکی شیر خۆری هەیە هاوکاری وەر دەگرێت و هەروەها شیری قوتو بەکار دەهێنێت کە ئەمە دەتوانێت تەندروستی منداڵەکەی بەرەوڕووی مەترسی بکاتەوە.

سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی پیرانشار کە ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ دوای ٨ مانگ بەندکران لە بەندیخانەی ئورمیە، تەنیا چەند کاتژمێر پێش لە نەشتەرگەریی سزاریەن ڕەوانەی نەخۆشخانە کرابوو، ئێوارەی هەمان ڕۆژ و بەبێ ئەوەی تەندروستی بە دەست بهێنێتەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گەڕێندراوەتەوە و لە دۆخێکی نالەباردا ڕاگیراوە.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە «سوعدا خەدیرزادە لە ماوەی ئەو ١٠ کاتژمێرەی کە لە نەخۆشخانە بووە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە و تەنیا یەک جار لەڕێگەی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵیان کردووە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەست و لاقی بە تەخت (قەرەوێڵ) ی نەخۆشخانە بەستراوەتە کە دوای ناڕەزایەتی کادیری نەخۆشخانەکە ئەو هێزانە ناچار بوون کە دەستبەند و پاوەنەکەی بکەنەوە».

هەنگاو ماوەیەک پێش تۆمارێکی دەنگی سوعدا خەدیرزادەی بڵاو کردەوە کە، سوعدا خەدیرزادە تێیدا دەڵێت منیان وەک بارمتە لە بەندیخانە ڕاگرتووە و بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ هەڕەشەیان لە من کردووە.


سوعدا خەدیرزادە تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی پیرانشار ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گوازرایەوە. ناوبراو دوای ٢٥ ڕۆژ و تەواوبوونی لێپرسینەوەکانی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە و لەو کاتەوە بێ ئەوەی دادگایی بکرێت لە بەندی ژنان ڕاگیراوە لە خزمەتگوزاری پزیشکی تایبەت بە قۆناغی دووگیان بوون بێبەش کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە