سێ هاووڵاتی لە مەهاباد دەستبەسەر کران، لە ١٠ ڕۆژدا ٢٨ هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر کراون

هەنگاو: سێ هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد دەستبەسەر کران و بەمەش لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا ٢٨ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

١٠ گەلاوێژ ٢٧٢١، ١٧:٠٠

 

هەنگاو: سێ هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد دەستبەسەر کران و بەمەش لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا ٢٨ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢١ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢١)، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی “ئەگریقاش” سەر بە مەهاباد و سێ هاووڵاتییان بە ناوەکانی “ڕزگار عەینالوو”، “ئەحەد سوونە” و “هێمن قەرەداغی” دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستوونەتەوە.

هەتا کاتی بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە هۆ یان هۆکارەکانی دەستبەسەر کرانی ئەم سێ هاووڵاتییە و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵیان نەزانراوە.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو لە هێزە ئەمنییەکان لەکاتی دەستبەسەر کردنی هێمن قەرەداغی ناوبراویان داوەتە بەر لێدان و کوتان.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ١٠ ڕۆژی یەکەمی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لانیکەم ٢٨ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی کرماشان، سنە، دیواندەره، شنۆ، بۆکان و مەهاباد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە