سێ هاووڵاتیی  خەڵکی بۆکان کە یەکێکیان منداڵێکی دە ساڵانە دەستبەسەر کران

سێ هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان کە یەکێکیان منداڵێکی دە ساڵانە دەستبەسەر کران

12:28 - 16 July 2018

 

هەنگاو: هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بۆکان سێ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر کرد کە یەکێکیان تەنیا ١٠ ساڵ تەمەنی هەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ”هەنگاو“، شەوی پێنج شەممە (١٢ی پووشپەڕ ٢٧١٨ / ١٢ی ژوئیەی ٢٠١٨)، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ئێران لە شاری بۆکان، سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی موشیرئاوای ئەو شارەیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستوونەتەوە.

هەواڵنێری ”هەنگاو“ لە شاری بۆکان ناسنامەی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەی کاوە خزری، ئاکام خزری کوڕی کاوە و کامیل خزری برای کاوە ڕاگەیاندووە.

ئەو سێ هاووڵاتییە  دوای تێکهەڵچوونی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای میاندواو لەگەڵ سەرنشینانی پرایدێک دەستبەسەر بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە و چارەنووسیان نادیارە.

ئاکام لەکاتێکدا دەستبەسەر کراوە کە منداڵە و تەنیا ١٠ ساڵ تەمەنی هەیە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەستبەسەر کردنی ئەو منداڵە تەمەن ١٠ ساڵانە بە توندی ئیدانە و داوای ئازاد کردنی بێ مەرجی بۆ دەکات و هاوکات داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ دەکەین کە هەوڵەکانی خۆیان بۆ ئازاد کردنی ئاکام بخەنە گڕ.