سێ هاووڵاتیی خەڵکی سەقز دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کران

هەنگاو: سێ هاووڵاتیی خەڵکی سەقز بە کە پاییزی ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی پڕووپاگەندە بۆ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ح

١٢ پووشپەڕ ٢٧٢١، ٢١:٥٥

 

هەنگاو: سێ هاووڵاتیی خەڵکی سەقز بە کە پاییزی ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی پڕووپاگەندە بۆ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپابوو، دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢١ (٣ی جولای ٢٠٢١)، سێ هاووڵاتیی خەڵکی سەقز بە ناوەکانی ئەرمیا ڕەنجبەری، هیوا ئەمینی و وریا ئەمینی بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٤ مانگ و ١٠ ڕۆژ بەندکرانەکەیان خۆیان بە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ناساند.

ئەرمیا ڕەنجبەری، هیوا ئەمینی، وریا ئەمینی و عەلی قادری ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ (٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٠) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز دەستبەسەر و پاش یەک مانگ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتای دانیشتنی دادگا ئازاد کران.

دانیشتنی دادگای ئەو سێ کەسە ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (٢ی دێسابمری ٢٠٢٠) بەڕێوەچوو و بە پێی بڕیاری لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سەقز، ئەرمیا ڕەنجبەری و هیوا ئەمینی بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بۆ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) هەر کامەیان سزای ١٠ مانگ بەندکران و وریا ئەمینیش بە هەمان تۆمەت سزای ٨ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەۆا. ئەرمیا ڕەنجبەری بە تۆمەتی بێ ڕێزی بە ڕێبەری ئێرانیش سزای ١٣ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سزای ئەو سێ هاووڵاتییە لە دادگای پێداچوونەوە هەر کامەیان بۆ ٤ مانگ و ١٠ ڕۆژ بەندکران کەم کرایەوە و ماوەی سزاکەشیان بۆ ١٥ مانگ هەڵپەسێردراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە