دەرچوونی سزای ۵۸ مانگ بەندکران بۆ پێنج چالاکی سەقزی

هەنگاو: پێنج هاووڵاتیی سەقزی کە لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون، لە لایەن دەزگای دادوەریی

٤ بەفرانبار ٢٧٢٠، ١٢:٣٨

 

هەنگاو: پێنج هاووڵاتیی سەقزی کە لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێڕانەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپا.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا پێنج هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی عەلی قادری، ئارمیا(ئەیوب) ڕەنجبەری، هیوا ئەمینی، وریا ئەمینی و ڕەحمان عەلیپوور، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سەقزەوە بە گشتی چوار ساڵ و ١٠ مانگ بەندکرانیان بۆ بڕاوەتەوە.

دادگای ئەم پێنج هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (٢ی دێسامبەری ٢٠٢٠) بەڕێوە چووە و بڕیاری دادگا ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەز پێیان ڕاگەیاندراوە. ئەم پێنج هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی بانگەشە کردن بۆ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) دادگایی کراون.

بە گوێرەی بڕیاری دادگا، هیوا ئەمینی، ڕەحمان ڕەحیم پوور و ئارمیا ڕەنجبەری، بە تۆمەتی بانگەشە بۆ پژاک هەرکامیان سزای ١٠ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە و وریا ئەمینی و عەلی قادرییش هەر بەم تۆمەتە ٨ مانگ و ٧ مانگ سزایان بۆ بڕاوەتەوە.

هەروەها ئارمیا ڕەنجبەری بە تۆمەتی سووکایەتی کردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای ١٣ مانگ بەندکرانی بۆ بڕاوەتەوە.

عەلی قادری، ئارمیا ڕەنجبەری، هیوا ئەمینی و وریا ئەمینی، ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی خەرمانانی ٢٧٢٠ (٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٠) و ڕەحمان ڕەحیم پوور ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی خەرمانان، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقزەوە دەستبەسەر کرابوون.

ئەم پێنج هاووڵاتییە کوردە پاش مانگێک دەستبەسەر کران، هەرکامیان بە دانانی بارمتەی ٥٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی تا کاتی بەڕێوە چوونی دادگاکەیان لە بەندیخانە ئازاد کرابوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە