سێ کەس لە خۆپێشاندەرانی کرماشان حوکمی ١٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپا

هەنگاو: سێ هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان کە لە خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەو شارە دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی ح

٢٤ ڕێبەندان ٢٧١٩، ٢٢:١٥

 

هەنگاو: سێ هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان کە لە خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەو شارە دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانیان بە سەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕیبەندانی ٢٧١٩(١٠ی فێوریەی ٢٠٢٠)، دانیشتنی دادگای سێ کەس کە دەستبەسەر کراوانی مانگی خەزەڵوەری کرماشان بە ناوەکانی سوحبەتوڵڵا ئومیدی، خەلیل ئەسەدی بوژانی و مێهدی ئەبدالی بەڕێوە چووە و سەرجەم حوکمی ١٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

بە پێی ئەو حوکمە کە لەلایەن لقی سێهەمی دادگای شۆڕشی کرماشان بە سەرۆکایەتی دادوەر ”ئەسەدی“ بەڕێوە چوو، سوحبەتوڵڵا ئومیدی بە تۆمەتی ”ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران“ حوکمی ٥ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی ”کۆبوونەوەی نایاسایی“ حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە و کە بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان یەکێکیان جێبەجێ دەکرێت.

هەروەها خەلیل ئەسدی بوژانی، بە تۆمەتی ”ئەندامەتی لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران“ حوکمی ٣ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی ”کۆبوونەوەی نایاسایی و هەوڵدان دژی ئاسایشی وڵات“ حوکمی ٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە و بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان زیاترین حوکمی ناوبراو جێبەجێ دەکرێت.

مێهدی ئەبدالی هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی کرماشانە کە لەلایەن هەمان دادگا حوکمی ١ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە لە خۆپێشاندانەکانی خەزەڵوەری ئەمساڵی کرماشان دەستبەسەر کرابوون و سوحبەتوڵڵا ئومیدی گولەیەک بەر باسکی کەوتبوو.

هەروەها، هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە مێهدی ئەبدالی لەکاتی دەستبەسەر کران سێ گوللە بەر سک و پشتی کەوتووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە