سەردەشت / شوانێک لەلایەن سپای پاسدارانەوە کوژرا

١٧ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ٠٥:٣٦


هەنگاو: هێزەکانی سپای پاسداران لە سنوورەکانی سەردەشت تەقەیان لە شوانێک کردووە و کوشتوویانە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٣ی بەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (٧ی ژوئیەی ٢٠٢٠)، هێزەکانی سپای پاسداران لە بەرزاییەکانی سنووری دەشتی وەزێنەی سەردەشت تەقەیان لە شوانێک بە ناوی ”یووسف ئەحمەدی“ کردووە و کوشتوویانە.


یوسف ئەحمەدی خەڵکی گوندی ئاڵواتان سەر بە ناوچەی میراوای سەردەشت بووە.


هەروەها، ڕۆژی هەینی ١٣ی پووشپەڕ (٣ی ژوئیە)، هێزەکانی سپای پاسداران لە سنووری پیرانشار لە کاتێکدا تەقەیان لە ئاژەڵدارانی هەرێمی کوردستان کردووە کە چەند کیلۆمەتر دوور بوون لە سنوورەکانی ئێران و لە ئاکامی ئەو تەقەیە کە بی کەی سی کراوە شوانێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی “ڕێبین ئیسماعیل” بە سەختی بریندار بووە.


لە ماوەی ڕابردوودا هەنگاو وێڕای ڕووماڵکردنی گواستنەوەی چەک و چۆڵ بۆ سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن سپای پاسدارانەوە، بە نیسبەت دەست نەپاراستنی سپای پاسداران لە هاووڵاتیانی مەدەنی و ماڵ و موڵکیان لە هەر دوولای سنوور، هوشداری دابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە