سەید محەمد حوسێنی دوای سێ ساڵ بەندکران بە تۆمەتی ”موحاربە“ دادگایی کرا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی نەغدە دوای سێ ساڵ بەندکران لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی موحاربە دادگایی کرا.

١٨ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ٢٢:٢٢


هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی نەغدە دوای سێ ساڵ بەندکران لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی موحاربە دادگایی کرا.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سەید محەمەد حوسێنی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی نەغەدە کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگیراوە، لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە تۆمەتی موحاربە (دژایەتی خودا) محاکمە کراوە و هەتا ئێستا حوکمەکەی پێی ڕانەگەیندراوە.


لە یاسای ئێراندا موحاربە بە واتای دەست بردن بۆ چەک بەکار دێت و حوکمەکەی لێ ئەستاندنی گیانی ئەو کەسەیە کە زۆربەی کاتەکان لە ڕێگای سێدارەوە جێبەجێ دەکرێت.


سەید محەمەد حوسێنی پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و ساڵی ٢٧١٧ (٢٠١٧) پاش جیابوونەوە لەو حیزبە و گرتنی ئەمان نامە، گەڕابوویەوە بۆ نەغەدە. سەید محەمەد حوسێنی سەرەڕای ئەوەیکە لە بەرپرسانی ئێران ئەمان نامەی وەر گرتبوو، پاش گەڕانەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و لەو کاتەوە تا ئێستا بێ ئەوەیکە مافی مەرەخەسی پێدرابێ، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە بەند کراوە.

بەهاری ئەمساڵ بەرپرسانی بەندیخانەی نەغەدە بە مەبەستی ئازادیی کاتیی سەید محەمد حوسێنی داوای بارمتەی ١٠ میلیارد تمەنییان کردبوو کە بەهۆی ئەوەی بنەماڵەکەی توانایی دابینکردنی ئەو بڕە پارەیان نەبوو ئازاد نەکرا. ئەمە لە کاتێکیشدا بوو کە زۆربەی بەندکراوەکان بە هۆی تەشەنە سەندنی پەتای کۆرۆنا جووبوونە مرەخەسی، بەڵام ئەم بەندکراوە سیاسییە لەو مافەش بێبەش کرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە