شاناز سادقی فەڕ دوای بانگهێشت بۆ ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر کرا

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کە بە دانانی بارمتە هاتبووە مەرەخەسی، دوایی بانگ کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر و بۆ

٢٤ خەزەڵوەر ٢٧٢١، ١٠:٥٢

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کە بە دانانی بارمتە هاتبووە مەرەخەسی، دوایی بانگ کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر و بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە گوازرایەوە.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (١٤ی نۆڤەمبەری) شاناز سادقی فەڕ بەندکراوی سیاسی خەڵکی ئورمیە کە سزای  پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو و شەش مانگ پێشت  مافی مەرەخەسی پێدراوە هەتا نەشتەرگەری بکات، دوای بانگ کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر و بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە گوازراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادارو نزیک لە بنەماڵەی سادقی فەڕ، ڕۆژی شەممە ئیدارەی ئیتلاعات پەیوەندی بە شاناز سادقی فەڕەوە گرتووە و ڕاگەیاندووە کە بۆ وەرگرتنی نامەیەک بۆ دادگا دەبێت  خۆی سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات بکات و ئەویش لەگەڵ باوکی سەردانی ئەم ئیدارەی کردووە و لە کاتی چوونە ناوەوەی بۆ ئەم ئیدارەیە دەستبەجێ دەستبەسەر کراوە.

شایانی باسە شاناز سادقی فەڕ مانگی ڕابردوو تووشی پەتای کۆرۆنا بووە و تا ئێستا سڵامەتی تەواوی نەگەڕاوەتەوە و دوای دەستبەسەر کران بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە گوازراوەتەوە.

شاناز سادقی فەڕ بە هۆی نەخۆشیی دڵ شەش مانگ پیش بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بۆ ماوەی ٩ مانمگ مرەخەسی پێدرابوو و بڕیاربوو کە بەم زوانە بە مەبەستی نەشتەرگەری سەردانی شیراز بکات. بەم حاڵەش بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشووتر دوای تێپەڕینی ٦ مانگ ئیتلاعاتی سنە بانگی کردووە و پاشان دەستبەسەری کردووە.

شاناز سادقی فەڕ (بێریڤان) پێشتر سێ ساڵ ئەندامی پارتی ئازادیی کوردستان بووە و لە مانگی خەرمانانی  ساڵی ٢٧١٩ (سێپتامبری ٢٠١٩) لە پاش جیا بوونەوەی لەو حیزبە، لەگەڵ کچە تەمەن ١٧ ساڵەکەی بە ناوی "ئایناز زارع" گەڕاوەتەوە بۆ ئێران و هەردووکیان دەستبەسەر کرابوون.

ناوبراو سەرئەنجام ڕۆژی سێ شەممە ٣١ی پووشپەر (٢١ی ژوییە) لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر شێخلوو، بە تۆمەتی ئەندام بوون لە پارتی ئازادیی کوردستان سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. ناوبراو لە کاتی پڕۆسەی دادگایی کرانەکەیدا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش کرابوو.

ئەو سزایە  ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٠ (٢٠ی فێبریوێری ٢٠٢١) لەلایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بۆ ٥ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکران کەم کرایەوە.

ئایناز زارع کچی شاناز لە لایەن لقی یەکی دادگای ئورمیەوە کە تایبەتە بە مناڵان و مێرمناڵان، بە پێنج ساڵ بەندکران سزا درابوو بەڵام ئەم بڕیارە لە پاش تانەلێدانی ناوبراو بۆ یەک ساڵ ئەم کرایەوە و سەرئەنجام ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (٢٦ی نۆڤامبەری ٢٠٢٠) پاش پازدە مانگ بەندکران لە بەندیخانەی ئورمیە ئازاد کرا.

 

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە