شێرکۆ تابناک تۆمەتەکەی پێ راگەیاندرا و مۆبایلی خۆی بنەماڵەکەشی دەستی بەسەردا گیراوە

هەنگاو: شێرکۆ تابناک، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان لە تۆمەتەکەی ئاگادار کراوە و مانگی داهاتوو دانیشتنی دادگاکەی بەڕێوە دەچێت. مۆبایلی ناوبراو

٢٣ گەلاوێژ ٢٧٢١، ٠٠:٢٠

 

هەنگاو: شێرکۆ تابناک، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان لە تۆمەتەکەی ئاگادار کراوە و مانگی داهاتوو دانیشتنی دادگاکەی بەڕێوە دەچێت. مۆبایلی ناوبراو و ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەکەشی هەروا لە دەستی ئیدارەی ئیتلاعاتدایە.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی رابردوودا هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان جارێکی دیکە هەڵیانکوتاوەتەوە سەر ماڵی شێرکۆ تابناک و پشکنیویانە.

شێرکۆ تابناک کاتژمێر هەشتی بەرەبەیانی ڕۆژی جوارشەممە ٢٣ی پووشپەڕی ٢٧٢١ (١٤ی جولای ٢٠٢١) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەستبەسەر کرا و پاش چوار رۆژ بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی و تا کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا، ئازاد کرا.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مۆبایلی شێرکۆ تابناک و دایکی و تابلێتی خوشکی و لابتۆبی براکەی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستی بەسەردا گیراوە و پاش مانگێک هێشتا ڕادەستیان نەکراوەتەوە.

دەستبەسەرداگرتنی مۆبایل و لابتۆبی ئەندامانی بنەماڵەی شێرکۆ لە کاتێکدایە کە دوو کەس لەوان لە رۆژانی داهاتووودا بۆ بەشداری لە تاقیکردنەوەکان پێویستیان بە مۆبایل و لابتۆب هەیە.

هێزە ئەمنییەکان، شێرکۆیان بە پڕۆپاگەندە لە دژی کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حزبی دێموکڕاتی کوردستان (حدک) تۆمەتبار کردووە و بڕیارە دانیشتنی دادگای ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ٩ی خەرمانان (٣١ ئاگوستی ٢٠٢١) لە دادگای شۆرشی بۆکانی بەڕێوە بچێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە