شەعبان محەممەدی بۆ بەندی گشتی بەندیخانەی ئێڤین گوازرایەوە

شەعبان محەممەدی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان _لقی مەریوان کە مانگی ڕابردوو بۆ دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلا

٢٦ پووشپەڕ ٢٧٢٢، ٠٩:٣٥



هەنگاو: یەکشەممە ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٢

شەعبان محەممەدی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان _لقی مەریوان کە مانگی ڕابردوو بۆ دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات ناسراو بە بەندی ٢٠٩ گوازرابوویەوە، ڕۆژی هەینی ٢٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ (١٥ی جولای ٢٠٢٢) بۆ بەندی گشتیی بەندیخانەی ئێڤین گوازراوەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هەنگاو، شەعبان محەممەدی ڕۆژی هەینی پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و ڕایگەیاندووە کە چووەتە بەندی گشتی بەندیخانەی ئێڤین. جێگای ئاماژەیە کە هێزە ئەمنییەکان لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا شەعبان محەممەدییان ناچار کردووە کە بە زمانی فارسی لەگەڵ بنەماڵەکەی قسە بکات.

شەعبان محەممەدی مانگی ڕابردوو لەگەڵ مەسعوود نیکخا مامۆستایەکی دەستبەسەرکراوی دیکەی خەڵکی مەریوان لە یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی سوپا لە شاری سنە بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤینی تاران گوازرابوونەوە.

ئەم دوو مامۆستایە ڕۆژی یەکشەممە ١١ی بانەمەڕی ئەمساڵ هاوڕێ لەگەڵ مامۆستایەکی دیکەی خەڵکی مەریوان بە ناوی ئەسکەندەر لوتفی لە جادەی سنە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا دەستبەسەر کرا کە شەعبان محەممەدی هەمان ڕۆژ ئازاد کرا.

مەسعوود نیکخا ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی بانەمەڕ ئازاد کرا و ڕۆژی پێنجشەممە سەرلەنوێ دەستبەسەر کرایەوە. شەعبان محەممەدیش ڕێکەوتی ٢١ی سەر لە نوێ دەستبەسەر کرایەوە و ئەم سێ مامۆستایە هەتا ئێستا دەستبەسەرن.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەم سێ مامۆستا کوردە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە گوشاریان خراوەتە سەر هەتا بە ناچاری دان بەوەدا بنێن کە پەیوەندییان لەگەڵ ئەو دوو هاووڵاتییە فەرەنسییەوە هەبووە کە لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

ئەم دوو هاووڵاتییە فەرەنسییە کە لە ئەندامانی فیدراسیۆنی پەروەردە و کولتووری سەندیکای کاری ئەو وڵاتەن، مانگی بانەمەڕ لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر و بەوە تۆمەتبار کراون کە پەیوەندییان بە چالاکانی پیشەیی، مامۆستایانی قوتابخانە و کرێکاران کردووە هەتا ناڕەزایەتی لە ئێران ڕێک بخەن.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە