عادڵ موکەڕەم بەندکراوی سیاسی کورد ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کورد کە لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا دوو جار مانی لە خواردن گرتبوو، لە هۆڵی بەندیخانەی ئورمیە ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.

٢٧ ڕەزبەر ٢٧٢٠، ١٥:١٢

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کورد کە لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا دوو جار مانی لە خواردن گرتبوو، لە هۆڵی بەندیخانەی ئورمیە ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.
 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی ئیەکشەممە ٢٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٠ (١٨ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠)، عادڵ موکەڕەم، بەندکراوی سیاسی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لە پێش چاوئی دادوەری چاوەدێر و جێگری بەرپرسی بەندیخانەی ئورمیە ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو بەندیخانەی ئورمیە، عادڵ موکەڕەم لاقی ڕاستی بە ڕێژەیەکی زۆر سووتاوە. ناوبراوی ئەوەی بەرپرسانی بەندیخانە بەڵێنەکانی خۆیان دوای مانگرتنی ناوبراو بەجێ نەگەیاندووە، ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە عادڵ موکەڕەم بەبێ ئەوەی چارەسەریی پزیشکی بۆ بکرێت بە فەرمانی بەرپرسانی بەندیخانە بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراوەتەوە.
 

عادڵ موکەڕەم  ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٠ (٤ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠) بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ١٠ مانگ ڕاگیرانی لە بەندیخانە بە بێ ئەوەی چارەنووسی یەکلایی بکرێتەوە، لێوەکانی دوورییەتەوە و مانی لە خواردن گرتبوو کە دوای ٣ ڕۆژ و بەڵێنی بەرپرسانی بەندیخانە لەسەر جێبەجێ کردنی داواکارییەانی، مانگرتنەکەی خۆی شکاندبوو.


عادڵ موکەڕەم تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی ئورمیە، کۆتایی مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردو لە سنووری شاری خۆی لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە دیپۆرتی ئێران کراوەتەوە و بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری خۆی لەژێر لێپرسینەوە بووە و دواتر بۆ بەندیخانەی ئەو خۆی و  دواجار بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازراوەتەوە.
 

دانیشتنی دادگای عادڵ موکەڕەم مانگێک پێش ئێستا لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو بەڕێوەچوو و تۆمەتی ”ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی و چوونە دەرەوەی نایاسایی لە وڵات“ خراوەتە پاڵ ناوبراو.
 

جێگای ئاماژەیە کە عادڵ موکەڕەم پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و سەرەتای هاوینی ٢٧١٩ (٢٠١٩) چووەتە وڵاتی تورکیا و داوای پەنابەری کردبوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە