عوسمان موستەفاپوور و محەمەد نەزەری دوای سێ دەیە بەندکران ئازاد بوون

هەنگاو: دوو بەندکراوی سیاسی کە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نزیک بە سێ دەیە لە بەندیخانە بوون، ئازاد کران.

٣٠ خەزەڵوەر ٢٧١٩، ١٩:٢١

 

هەنگاو: دوو بەندکراوی سیاسی کە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نزیک بە سێ دەیە لە بەندیخانە بوون، ئازاد کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ٢٧١٩(٢١ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩) عوسمان مستەفاپوور، بەندکراوی سیاسی خەڵکی پیرانشار دوای ٢٨ ساڵ بەندکران و محەمەد نەزەری بەندکراوی سیاسی خەڵکی سایین قەڵا دوای ٢٥ ساڵ بەندکران لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە ئازاد کران.

هەنگاو پێشتر ئاگادار کرابوو کە ئەو دوو بەندکراوە بەر فەرمانی لێبوردنی ڕێبەری ئێران (خامنەیی) کەوتوون.

ئەو دوو بەندکراوە لە ماوەی بەندکرانیان لە مافی مەرەخەسی بێبەری بوونە و تەنانەت ئیزنی بەشداری لە ڕێوڕەسمی پرسەو سەرەخۆشی ئەندامانی بنەماڵەی خۆیانیان نەبووە.

عوسمان مستەفاپوور تەمەن ٥٣ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، ڕێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٧٠ی هەتاوی ( ١٣ی ژوئیەی ١٩٩١ی زایینی) دوای تێکهەڵچوونێکی چەکداری نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و هێزەکانی سپای پاسداران لە ناوچەی تەرگەوەڕی ئورمیە بەدیل گیرا.

ناوبراو هەمان ساڵ حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا و ساڵی ١٣٧٩ (٢٠٠٠ ز) حوکمەکەی هەڵوەشایەوە و بۆ ١٠ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە. هە رئەو ساڵە لەلایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حوکمی ٢٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا و سەرجەم حوکمەکەی بوو بە ٣٥ ساڵ بەندکران.

محەمەد نەزەری لەدایکبووی شاری سایین قەڵای پارێزگای ئورمیەیە کە ڕێکەوتی ٩ی جۆزەردانی ١٣٧٣ی هەتاوی لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) دەستبەسەر و حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا. ئەو حوکمە دواتر هەڵوەشایەوە و کەم کرایەوە بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە