دوو بەندکراوی سیاسی کورد ماوەی بیست ساڵە بە بێ مافی مرەخەسی لە بەندیخانەن

هەنگاو: دوو بەندکراوی سیاسیی کورد کە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ماوەی بەندکرانەکەیان تێدەپەڕێنین، سەرەڕای تێپەڕینی بیست ساڵ

٢٨ سەرماوەز ٢٧٢٠، ٠٧:٠٧

 

هەنگاو: دوو بەندکراوی سیاسیی کورد کە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ماوەی بەندکرانەکەیان تێدەپەڕێنین، سەرەڕای تێپەڕینی بیست ساڵ بەسەر بەندکرانیاندا، هەر وا لە مافی وەرگرتنی مافی مرەخەسی بێبەش کراون.
 

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوو بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی "خالید فەرەیدوونی"  خەڵکی مەهاباد و "عومەر فەقێ پوور" خەڵکی بۆکان، زیاتر لە بیست ساڵە لە بەندیخانەکانی پیرانشار، مەهاباد، ڕەجایی شاری کەرەج و ئورمیە بە بێ تەنانەت یەک ڕۆژ مرەخەسی لە بەندکراون.
 

عومەر فەقێ پوور و خالید فەرەیدوونی لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بوون کە لە ڕێکەوتی ١٠ خەرمانانی ٢٧٠٠ (٣١ی ئاگۆستی ٢٠٠٠) لە کاتی جێبەجێ کردنی ئەرکی حیزبی و کۆ کردنەوەی یارمەتیی دارایی لە یەکێک لە گوندەکانی پیرانشار کەوتنە کەمینی هێزەکانی سپای پاسدارانەوە و دەستبەسەر کران.
 

ئەم دوو کەسە لە کاتی دەستبەسەرکرانیانەوە لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار و مەهاباد بە شێوەیەکی بێ بەزەییانە کەوتوونەتە ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی.
 

ئەو دوو بەندکراوە سەرئەنجام بە دەستوەردانی دەزگا ئەمنییەکان لە پاییزی ئەو ساڵەدا، لە لایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە، بە تۆمەتی شەڕ کردن لەگەڵ خوا لە ڕێگای ئەندامەتی لە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراندا، بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو. ئەم بڕیارە چەند ساڵ دواتر و لە ڕێکەوتی ١٠ی بانەمەڕی ٢٧٠٥ (٣ی ئاوریلی ٢٠٠٥)، لە لایەن دادگای پێداچوونەوەوەی پارێزگای ئورمیەوە ئەو سزایە بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە.
 

خالید فەرەیدوونی و عومەر فەقێ پوور، پاش ئەوەی سزاکەیان بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە، لە ڕێکەوتی ١٢ی سەرماوەزی ٢٧٠٧ (٣ی دێسامبەری ٢٠٠٧) لەسەر بڕیاری دەزگا ئەمنییەکان گوازرانەوە بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج. لە پاش ١٠ ساڵ بەندکران لەو بەندیخانەیە و لە دۆخێکی نامرۆڤانەدا، لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ٢٧١٧ (١٥ی نۆڤامبەری ٢٠١٧)، لەگەڵ بەندکراوێکی دیکە بە ناوی محەمەدی نەزەری، گوازرانەوە بۆ بەندیخانەی ئورمیە.

"ڕەزا شەریفی بۆکانی" کە پێشتر لە بەندیخانەی ڕەجایی شار، بەندکراوی سیاسیی و هاوبەندی ئەو دوو بەندکراوە سیاسییە بووە، لەمبارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: ئەم دوو بەندکراوە لە ماوەی ئەو ١٠ ساڵەدا کە لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج بوون، هیچ جۆرە دیدارێکیان لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەی خۆیان نەبووە و تەنیا ماوە ماوە توانیویانە لە ڕێگای تەلەفۆنەوە لەگەڵ بنەماڵەکەیان قسە بکەن. 

خالید فەرەیدوونی لە ماوەی بەندکرانیدا کەمترین دیداری لەگەڵ بنەماڵەکەی بووە و بنەماڵەی عومەر فەقێ پووریش لەبەر ئەوەی لە شاری قەڵادزێی هەرێمی کوردستان نشتەجێن، هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان لەگەڵی نەبووە. شیاوی ئاماژە پێ کردنە کە کچی ناوبراو کە لە کاتی دەستبەسەر کرانیدا تەمەنی ٣ ساڵ بووە، لە ماوەی ئەم بیست ساڵەدا لە دیداری باوکی بێبەش کراوە.


ئەم دوو بەندکراوە سیاسەییە تەنانەت لە خزمەتگوزاریی تەندروستی و مافی دەستڕاگەیشتن بە دەرمانیش بێبەش کراون بە شێوەیەک کە عومەر فەقێ پوور لە کاتێکدا کە لە بەندیخانەی ئورمیە لە بەنددا بووە، بە هۆی ئەوەی بەرپرسانی بەندیخانە ڕێگایان نەداوە بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە و شوێنی چارەسەریی پزیشکی، بیناییی چاوی چەپی خۆی لەدەست داوە.

ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە، بە هۆی دەستکورتیی خۆیان و بنەماڵەکانیان، لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەژین و بۆ دابین کردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیشیان کێشەیان هەیە و بە ناچار لە ڕێگای کرێکاری و چنینەوە لە بەندیخانە پێداویستییەکانیان دابین دەکەن.
 

لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، بەرپرسان و لێپرسراوانی ئەمنی، چەندین جار بەم دوو بەندکراوەیان ڕاگەیاندووە کە کەوتوونەتە بەر لێبوردن و داوایان لێ کراوە کۆمەڵێک وەرەقەی پێویست پڕ بکەنەوە بەڵام هەر جارەو بە بیانوویەک، لێبوردنەکە ئەوانی نەگرتووەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە