عەبدوڵڵا مەهجوور بە بارمتە ئازاد کرا

هەنگاو: بەندکراوێکی خەڵکی سەقز دوای نزیکەی ٧٠ ڕۆژ بەندکران بە دانانی بارمتە لەبەندیخانە ئازاد کرا.

٣٠ بەفرانبار ٢٧٢١، ١٢:٣٣

 

هەنگاو: بەندکراوێکی خەڵکی سەقز دوای نزیکەی ٧٠ ڕۆژ بەندکران بە دانانی بارمتە لەبەندیخانە ئازاد کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی بەفرانباری ٢٧٢١ (١٩ی ژانویەی ٢٠٢٢)،  عەبدوڵڵا مەهجوور، هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی سەقز دوای ٧٠ ڕۆژ بەندکران بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی مەهجوور، ناوبراو لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بووە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و هەروەها دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەری نەبووە و تەنیا یەک جار بە تەلەفوون پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە گرتووە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی دژبەری حکوومەت تۆمەتبار کراوە.

عەبدوڵڵا مەهجوور تەمەن ٥٥ ساڵ و خەڵکی گوندی “مەلقەڕنی”ی شاری سەقز، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (١١ی نۆڤەمبری ٢٠٢١)  هاوڕێ لەگەڵ حامۆزاکەی بە ناوی محەمەد مەهجوور ٣٦ ساڵە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە شاری سنە گوازرایەوە.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هێزە ئەمنییەکان دوای دەستبەسەر کردنی عەبدوڵڵا مەهجوور هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو لە گوندی مەلقەرەنی و ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بە سەر مۆبایل و کتێبەکانیدا گرتووە.

جێگای ئاماژەیە کە عەبدوڵڵا مەهجوور ساڵی ١٣٧٠ی هەتاو بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستبەسەر و سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو کە دوای تێپەڕاندنی سزاکەی لە بەندیخانەی ئەفلاکی خوڕەمئاوا ئازاد کرابوو.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە