عەزیز قادرتاج مامۆستای یەکێک لە قوتابخانەکانی شنۆ دەستبەسەر کرا

هەنگاو: مامۆستایەکی یەکێک لە خوێندنگەکانی شاری شنۆ کە زستانی ڕابردووش دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ جارێکی دیکە دەستبەسەر کرایەوە.

٦ خەزەڵوەر ٢٧٢١، ٢٠:٣٨

 

هەنگاو: مامۆستایەکی یەکێک لە خوێندنگەکانی شاری شنۆ کە زستانی ڕابردووش دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ جارێکی دیکە دەستبەسەر کرایەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەممە ٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (٢٨ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی عەزیز قادرتاج مامۆستای قوتابخانە و دەستبەسەریان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان بەبێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری ئەو مامۆستایەی قوتابخانەیان دەستبەسەر و پاشان ماڵەکەشیان پشکنیوە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکاری دەستبەسەر کران و تۆمەتی وەپاڵخراوی عەزیز قادرتاج  و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لە بەر دەستدا نییە.

ئەم هاووڵاتییە مامۆستای قۆناغی سەرەتایی و یەکێک لە مامۆستایانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شنۆیە کە لە قوتابخانەی سەرەتایی گوندی نەرزیوێ وانە دەڵێتەوە.

جێگای ئاماژەیە کە عەزیز قادرتاج شەوی یەکشەممە ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٠ (٣١ی ژانویەی ٢٠٢١) بۆ جارێکی دیکە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر و دوای یەک مانگ بەندکران بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە