فاتمە داوەند بەندکراوی سیاسی کورد لە کەمپی تایپەت بە دیپۆرتەوە بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە

فاتمە داوەند بەندکراوی سیاسی پێشینی کورد و یەکێک لە شایەتحاڵانی دادگای نێودەوڵەتی ئابان کە چوار مانگ پێش لەلایەن پۆلیسی تورکیا دەستبەسەر و بۆ کەمپی تایبە

١٤ گەلاوێژ ٢٧٢٢، ٢٢:١٨


هەنگاو: هەینی ١٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٢

فاتمە داوەند بەندکراوی سیاسی پێشینی کورد و یەکێک لە شایەتحاڵانی دادگای نێودەوڵەتی ئابان کە چوار مانگ پێش لەلایەن پۆلیسی تورکیا دەستبەسەر و بۆ کەمپی تایبەت بە دیپۆرت لە شاری کایسری گوازرابووەوە، ڕۆژی هەینی ١٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (٥ی جولای ٢٠٢٢) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزەکانی دەزگای ئاسایشی تورکیا (میت) چەند ڕۆژ پێش چوونەتە کەمپی کایسری و بە فاتمە داوەندیان ڕاگەیاندووە کە ئێمە هیچ بەڵگەیەکمان دەست نەکەوتووە کە ئێوە هاوکاری پارتی کرێکارانی کوردستانتان کردبێت و لە ڕۆژانی داهاتوودا ئازاد دەبیت. بەو حاڵەشەوە ئەمڕۆ بەشێوەی لەناکاو ناوبراویان بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە.

فاتمە داوەند ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە ١٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ (٧ی ئەپریلی ٢٠٢٢) لەلایەن پۆلیسی تورکیا دەستبەسەر و بۆ کەمپی دیپۆرتی کایسری گوازرایەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای نیگەرانی بە نیسبەت دۆخی فاتمە داوەند داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و پەنابەران دەکات کە بەخێرایی لە سەر ئەم دۆسیەیە هەڵوێست بگرن و پێش بە دیپۆرتکردنەوەی ناوبراو بگرن.

فاتمە داوەند خەڵکی بۆکان لە خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٢٧١٩ دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٣ ساڵ و ٩ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا و ڕۆژی سێشەممەمە ١١ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ دوای تێپەڕاندنی یەک لە سەر سێی سزای بەندکرانەکەی بە مەرج لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.

ناوبراو زستانی ڕابردوو بە هۆی گوشاری بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکان ناچار بوو کە زێدی خۆی بەجێ بهێڵیت.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە