قادر محەمەدزاده بەندکراوی سیاسی کورد: بە تیروپشک سزام بە سەردا سەپاوە

هەنگاو: قادر محەمەد زاده بەندکراوی سیاسی کورد کە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد سەرقاڵی تێپەاندنی حەفدەهەمین ساڵی سزای بەندکرانەکەیەتی،

١٢ بەفرانبار ٢٧٢١، ١٣:٠٦

 

هەنگاو: قادر محەمەد زاده بەندکراوی سیاسی کورد کە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد سەرقاڵی تێپەاندنی حەفدەهەمین ساڵی سزای بەندکرانەکەیەتی، نامەیەکی بڵاو کردووەتەوە و تێدا دەڵێ کە بە هۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست لە ڕێگای تیروپشکەوە سزام بە سەردا سەپاوە.

قادر محەمەدزاده ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧٠٥ (١١ی دێسامبری ٢٠٠٥) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و دوای چەند مانگ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە دوای ١٥ مانگ لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی موحاربە لەڕێگای ئەندامەتی لە کۆمەڵە سزای سێدارەی بە سەردا سەپا کە ئەو ئەو سزایە لەلایەن دادگای پیداچوونەوەی پارێزگای ئورمیە بۆ ٢٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی یەزد گۆڕدرا.

قادر محەمەدزاده ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خاکەلێوەی ٢٧١٩ (٧ی ئاوریلی ٢٠١٩) لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بۆ بەندیخانەی مەهاباد بەڕێکراو و هەر ئەو ڕۆژە بۆ بەندیخانەی یەزد دوور خرایەوە.

 

دەقی تەواوی ئەم نامەیە کە بۆ یەکەمجار لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاو دەکرێتەوە بە شێوەی خوارەوەیە؛

من قادر محەمەدزاده بەندکراوی سیاسی لەدایکبووی ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی و خەڵکی بۆکانم  کە بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ حیزبێکی کوردستانی دژبەری حکوومەت سزای ٢٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی یەزد بە سەرمدا سەپاوە و ئێستا ماوەی ١٦ ساڵ و ٦ مانگە ماوەی سزاکەی تێپەڕ کردووە.

لە ماوەی ئەم ساڵانەدا هەتا ئێستا بەر لێبوردن نەکەوتووم و هیچ مافێکی دیکەی خۆم پێم نەدراوە و تەنانەت بۆ یەک ڕۆژیش نەچوومەتە مرەخەسی.

لە کاتی دادگایی کردن یان باستر بلێم کاتێک کە دەستبەسەر کرام تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی هێزە ئینتزامییەکانیش خرابوویە پاڵم، بەڵام لە ڕاستیدا من هیچ قەتڵێکم نەکردبوو.بەڵام دادوەر ڕاستەوخۆ بە منی وت کە کەسێک کوژراوە و دەبێ کەسێک سزا بدرێت.ئێوە هەرچەند بە تۆمەتی سیاسی گیراون، تاوانبار بن یان تاوانبار نەبن دەبێ سزا بدرێن.

کاتێک ئەوان هیچ بەڵگەیەکیان بە دەستەوە نەبوو هەتا کەڵکی لێوەر بگرن من و محەمەد ئەمین عەبدوڵڵاهی کە لەو دۆسیەدا لەگەڵ من گیرابوو  تیروپشکمان بۆ کرا و ناوی من دەرهات و کە دەبێ دیەی تەواوی پیاوێکی موسڵمان بدەم و دوای تێپەڕینی ١٦ ساڵ و ٦ مانگ هێشتا بە هۆی دژایەتیی داوکاری گشتیی مەهاباد مافی مرەخەسی  و ئازادی مەرجدار لە من زەوت کراوە.

ئەوان بە بنەماڵەکەمیان ڕاگەیاندووە کە هەتاکوو پارەی دیە دابین نەکەن ئێمە ناهێڵین کە هیچ مافێکی وەکوو ئازادی مەرجدار بەر بکەوێت و تەنانەت مافی مرەخەسیشی پێ ندارێت و هەر بۆیەش لەو ساڵانەدا سێ جار مانم لە خواردن گرتووە کە جاری یەکەم ١٥ ڕۆژ، جاری دووهەم ٣٣ ڕۆژ و جاری سێهەم ٤٠ ڕۆژ درێژەی کێشاوە و بەو حاڵەش هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ ئازادی مەرجدار یان پێدانی مرەخەسی بە من هەڵنەگیراوە.

هەربۆیەش من وەکوو بەندکراوێکی سیاسی کە یەک لەسەر سێی تەمەنی بەکەڵکی خۆم لە بەندیخانە تێپەڕاندووە، داوا لە ڕێکخراوە مافی مرۆڤییە ئێرانی و نێودەوڵەتییەکان دەکەم کە هاوکاریم بکەن هەتا بتوانم جارێکی دیکە دایکە پیر و بەساڵاچووەکەم کە ١٧ ساڵە چاوەڕوانی ئازادی منە و ٧ ساڵە نەمبینیوە، جاریکی دیکە ببینمەوە.

لە کۆتایی دا تەنیا دەتوانم بڵێم کە هیوادارم بتوانم ئازادیم بە دەست بێنم.

قادر محەمەدزاده

٢٦ی سەرماوەزی ٢٧٢١

بەندیخانەی ناوەندیی یەزد

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە