لوقمان قادری هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا

لوقمان قادری هاووڵاتیی خەڵکی گوندی پەسوێ سەر بە شاری پیرانشار (خانێ) کە پاییزی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر و ئێستا لە بەندیخانەی ئورمیە بەندکراوە، لەلایەن دەزگای

٧ خەرمانان ٢٧٢٢، ١٩:٠٦


هەنگاو: دووشەممە ٧ی خەرمانانی ٢٧٢٢

لوقمان قادری هاووڵاتیی خەڵکی گوندی پەسوێ سەر بە شاری پیرانشار (خانێ) کە پاییزی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر و ئێستا لە بەندیخانەی ئورمیە بەندکراوە، لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ٢ ساڵ و ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لوقمان قادری لە ڕۆژانی ڕابردوودا و پاش ١٠ مانگ دەستبەسەرکران لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی پیرانشار بە سەرۆکایەتی دادوەر بابایی دادگایی کراوە و سزای بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و ئەو سزایە لە ناو بەندیخانەی ئورمیە بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە.

هەنگاو زانیویەتی کە لوقمان قادری لە ماوەی ١٠ مانگی ڕابردوودا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە.

لوقمان قادری ڕۆژی هەینی ٣٠ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (٢٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گوازرایەوە. ئەم هاووڵاتییە کوردە دوای ٦ مانگ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە بێ ئەوەی دۆسیەکەی یەکلایی بکرێتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازراوەتەوە.

جێگای ئاماژەیە کە لوقمان قادری ئێستا لە بەندی سیاسی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە و ماوەی سزای بەندکرانەکەی تێپەڕ دەکات.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە