لە سنووری نەوسوود دوو کۆڵبەر بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون

٢١ بەفرانبار ٢٧٢١، ٠٨:١٣

 

هەنگاو: دوو کۆڵبەری خەڵکی جوانڕۆ و سەلاسی باوەجانی لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری نەوسوود بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بریندار بوون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢١ (١١ژانویه ٢٠٢٢)،بە هۆی تەقینەوەی مین لە سنووری نەوسوود کۆڵبەرێک بە ناوی “یاسر سەحرایی” لاقی بە سەختی بریندار بوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، یاسر خەڵکی گوندی “کۆڵسە”ی شاری جوانڕۆیە و بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی پاوه کراوە.

ڕۆژی شەممە ١٨ی بەفرانبار و هەر لە سنووری نەوسوود، کۆڵبەرێکی خەڵکی سەلاسی باوەجانی بە ناوی عوسمان محەمەدی ٤٠ ساڵە چووە سەر مین و لاقی بە سەختی بریندار بوو.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە