لە سنە ژنێک بە پاساوی شەرەف لەلایەن براکانیەوە کوژرا

هەنگاو: ژنێکی گەنجی خەڵکی گوندێکی سەر بە شاری سنە بە پاساوی نامووس و شەرەف لەلایەن براکانیەوە کوژرا.

١٣ سەرماوەز ٢٧٢١، ٠٣:٢٣

 

هەنگاو: ژنێکی گەنجی خەڵکی گوندێکی سەر بە شاری سنە بە پاساوی نامووس و شەرەف لەلایەن براکانیەوە کوژرا.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١٢ی سەرماوەزی ٢٧٢١ (٣ی دێسامبری ٢٠٢١)، ژنێکی لاو بە ناوی سەحەر مورادی تەمەن ٣٣ ساڵ لەلایەن براکانییەوە لە گوندی باوەڕێز سەر بە شاری سنە کوژرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەحەر مورادی دایکی دوو منداڵ بووە و هاوژینەکەی دوو ساڵ پێش مردووە، بە بیانووی ئەوەی کە لەگەڵ پیاوێک پەیوەندی هەبووە لەلایەن براکانیەوە بە چەقۆ کوژراوە.. جێگای ئاماژەیە کە سەحەر سەرپەرەستی مناڵەکانی لە ئەستۆ بووە.

هەنگاو زانیویەتی ئەمڕۆ شەممە ١٣ی سەرماوەز بە بێ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی ، تەرمی سەحەر مورادی لە گوندەکەی خۆی ئەسپەردە کراوە.

هەتا کاتی داڕشتنی  ئەم هەواڵە هیچ کام لە بکوژەکان لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر نەکراون.

بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتێک کە حەوتووی ڕابردوو لە لایەن هەنگاو بڵاو کرایەوە، لە ٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠ هەتا ٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١ لانیکەم ٤٤ ژن لە شارەکانی کوردستان کوژران کە ١١ حاڵەتیان (٢٥٪) کوژران بە بیانوو و پاساوی نامووس بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە