لە ڕۆژێکدا ١٣ چالاکی کورد دەستبەسەر کران

هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هاوکات و لە یەک ڕۆژدا لانیکەم ١٣ هاووڵاتیی کوردیان لە شارەکانی بۆکان، مە

٢٠ بەفرانبار ٢٧٢٠، ٢٠:٥٢

 

هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هاوکات و لە یەک ڕۆژدا لانیکەم ١٣ هاووڵاتیی کوردیان لە شارەکانی بۆکان، مەریوان، کەرەج و مەهاباد دەستبەسەر کردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٠ (٩ی ژانویەی ٢٠٢١)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان هاووڵاتییەکیان بە ناوی ”عەزیمە ناسری“ دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە جلی ئاسایی و بە بیانووی چاکردنەوەی کێشەی گاز چوونەتە ماڵی ئەو هاووڵاتییەوە دەستبەسەریان کردووە.

هەمان ڕۆژ لە شاری مەریوان چەند هاووڵاتی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کراون کە ناسنامەی دوو کەسیان بە ناوەکانی کاروان مینووی و دانا سەمەدی بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.

لەلایەکی دیکەوە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەردەشت لە شارۆچکەی ڕەبەت سێ هاووڵاتیی کوردیان بە ناوەکانی فەرهاد مووساپوور، فەرەیدوون مووساپوور و بەهمەن یوسفزادە دەستبەسەر کردووە.
فەرهاد موساپوور خوێندکار و مامۆستای زمانی ئینگلیزی و بەهمەن یوسفزاده خوێندکاری زانکۆی پەیامی نووری مەهاباد بووە.

هاوکات حەوت هاوڵاتی کورد بە ناوەکانی دەریا تاڵەبانی، شەپۆل خزری، سالاری ڕەهەوی، فەرزاد سامانی، ئەفشین مامئەحمەدی، سیروان نووری و سوهەیب بادرووج دەستبەسەر کراون.

سوهەیب بادرووج خەڵکی مەریوان و شەش خوێندکاری دیکە خەڵکی شاری مەهابادن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە