لە کرماشان تۆمەتبارێک بە هۆی ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانەوە چووەتە حاڵەتی کۆماوە

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی شائابادی پارێزگای کرماشان کە بە کوشتنی بە ئەنقەست تۆمەتبار کراوە، پاش دەستبەسەر کرانی، بە هۆی لێد

١٥ بەفرانبار ٢٧٢٠، ١١:٤٦

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی شائابادی پارێزگای کرماشان کە بە کوشتنی بە ئەنقەست تۆمەتبار کراوە، پاش دەستبەسەر کرانی، بە هۆی لێدان و ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران چووەتە حاڵەی کۆماوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بەفرانباری ٢٧٢١ (٣ی ژانویەی ٢٠٢١)، تۆمەتبارێک بە ناوی "بەهمەن عوقابی" تەمەن ٣٥ ساڵ خەڵکی گوندی "چەقا جەنگا"ی سەر بە شاری شائابادی پارێزگای کرماشان، بە هۆی لێدان و ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهیی کرماشانەوە چووەتە حاڵەتی کۆماوە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەهمەن عوقابی ئێستا لە بەشی چاوەدێری تایبەتی نەخۆشخانەی "خومەینی"ی کرماشان لە ژێر چاوەدێریی ئەمنیی تونددایە.

ئەم سەرچاوەیە ڕاشیگەیاند هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهی، هیچ زانیارییەکیان لەمبارەیەوە نەداوە بە بنەماڵەکەی و ئەوان لەلایەن نەخۆشخانەوە لە دۆخی کوڕەکەیان ئاگادار کراوەنەتەوە و تا ئێستا ڕێگایان پێ نەدراوە کوڕەکەیان ببینن.

هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهی بە بنەماڵەی عوقابییان ڕاگەیاندووە کە کوڕەکەیان بە هۆی خواردنی دەرمانی تڕامادۆڵەوە چووەتە کۆما، بەڵام بنەماڵەکەی وتوویانە ئەو کوڕە تەنانەت جگەرەشی نەکێشاوە.

بەهمەن عوقابی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ٢٧١٩ (١٤ی نۆڤامبری ٢٠١٩) بە تۆمەتی کوشتنی سێ ئەندامی بنەماڵەیەک (هاوسەری پێشووی، مناڵەکەی و دایکی هاوسەری پێشووی) هەڵاتبوو و ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بەفرانباری ٢٧٢٠ (٣١ی دێسامبەری ٢٠٢٠)، هەواڵنێریی تەلەفزیۆنی کرماشان لەسەر زاری داواکاری گشتیی شائاباد و فەرماندەی پۆلیسی کرماشانەوە، بڵاوی کردەوە کە ئەو تۆمەتبارە پاش ساڵێک لە شاری تاران دەستبەسەر کراوە.

شایانی ئاماژە پێدانە کە ئەشکەنجە کردنی تۆمەتباران لە ئیدارەی ئاگاهی بە ناوی لێپێچینەوەی تەکنیکی بووەتە ڕەوتێکی باو لە دەستبەسەرگەکانی پۆلیسی ئێراندا و ساڵانە ژمارەیەک لە تۆمەتباران بە هۆی ئەم جۆرە لێپێچینەوە تەکنیکییانەوە کە ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی لەخۆ دەگرێ، گیانیان لە دەست دەدەن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە