مریەم سادقی سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا

هەنگاو: چالاکێکی بواری مافەکانی ژنان کە پاییزی ئەمساڵ دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای داد کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا.

٢٧ بەفرانبار ٢٧٢١، ٢٠:٠٧

 

هەنگاو: چالاکێکی بواری مافەکانی ژنان کە پاییزی ئەمساڵ دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای داد کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا مریەم سادقی چالاکی بواری مافەکانی ژنان و ئەندامی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان سزای یەک ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بە سەردا سەپاوە و ئەم سزایە بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە.

ئەم سزایە لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی و بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی نیزام” بە سەر ناوبراودا سەپێندراوە.

مریەم سادقی بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (٢٣ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، بە بێ پیشاندانی هەر جۆرە بەرگەیەکی دادوەری لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر و پاش ١٢ ڕۆژ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە مریەم سادقی بە تۆمەتی بەشداری لەڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی دایە ئاسیە عەزیمی دایکی یەکێک لە گیانبەختکردوانی کۆمەڵە و خوێندن و پێشکەشکردنی سروودێک بە ناوبراو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

جێگای ئاماژەیە کە مریەم سادقی ساڵی ٢٠١٨ جارێکی دیکە لەلایەن دادگای شۆڕشی سنەوە بانگ کرابوو و لێپەرسینەوەی لەگەڵ کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە