مستەفا سەبزی بەندکراوی سیاسی کورد مانی لەخواردن گرت

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی ماکۆ کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە سەرقالی تێپەڕاندنی ماوەی ١٥ ساڵەی سزای بەندکرانەکەیەتی، مانی لەخواردن گرت.

١ بەفرانبار ٢٧٢٠، ٢٠:٤٨

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی ماکۆ کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە سەرقالی تێپەڕاندنی ماوەی ١٥ ساڵەی سزای بەندکرانەکەیەتی، مانی لەخواردن گرت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مستەا سەبزی، بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی ماکۆ، لە ڕۆژی دووشەممە ١ی بەفرانباری ٢٧٢٠ (٢١ی دێسامبری ٢٠٢٠)، به نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە کارشکێنی بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە لەهەمبەر بێبەش کرانی لە مافی مەرەخەسی بە مەبەستی بەشداری کردن لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی براکەی، مانی لە خواردن گرت.


لە ڕۆژانی ڕابردوودا برایەکی ئەو بەندکراوە سیاسییە بە هۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا گیانی لە دەست داوە و بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە پێیان ڕاگەیاندووە کە بۆ ئەوەی بتوانێ بەشداری سەرەخۆشی براکەی بکات، دەبێ بارمتەی یەک میلیارد تمەنی دابین بکات، بەڵام دوای دابین کردنی ئەو بڕە پارەیە بەرپرسانی بەندیخانە و یەک لەوان دادوەری چاوەدێر ڕێگرییان کردووە لە دانی مرەخەسی بەو بەندکراوە سیاسییە.

مستەفا سەبزی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی ماکۆ مانگی جۆزەردانی ٢٧١٤ (ژوئەنی ٢٠١٤) لە یەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری ئورمیە دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی دوو مانگ لە دەستبەسەرگە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران لە ئورمیە ڕاگیراوە.

ناوبراو پاش چەندین مانگ لەلایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە تۆمەتی «ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)» حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەرداسەپا. ئەم حوکمە لەلایەن دادگای پیداچوونەوەی پارێزگای ئورمیە وەک خۆی پەسند کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە