موژگان کاووسی بۆ بەندیخانەی کەرەج دوور خرایەوە

هەنگاو: موژگان کاووسی، چالاکی ئێتنیکی و چالاک لەبواری زمانی دایکی کە لە کوردەکانی ناوچەی کەلاردەشتی پارێزگای مازەندەرانە لە باکووری ئێران

٩ گەلاوێژ ٢٧٢١، ٢٠:٠٨

 

هەنگاو: موژگان کاووسی، چالاکی ئێتنیکی و چالاک لەبواری زمانی دایکی کە لە کوردەکانی ناوچەی کەلاردەشتی پارێزگای مازەندەرانە لە باکووری ئێران، لەکاتێکدا کە لە بەندیخانە تووشی پەتای کۆرۆنا بووە و ئێستا لە دەرەوەی بەندیخانەیە، بۆ بەندیخانەی کەرەج دوور خرایەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لقی ٢٨ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای مازەندەران، موژگان کاوسی، سزای دوورخستنەوەی موژگان کاوسی لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران بۆ یەکێک لە بەندیخانەکانی کەرەجی دەرکردووە و ئەم سزایە ئەمڕۆ شەممە ٩ی گەلاوێژی ٢٧٢١ (٣١ی جولای ٢٠٢١)، بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

سزای دوورخستنەوەی موژگان کاووسی بۆ یەکێک لە بەندیخانەکانی کەرەج کە هێشتا ڕوون نیە کام بەندیخانەیە لە کاتێکدایە کە ناوبراو داوای کردبوو بگوازرێتەوە بۆ بەندیخانەی شاری نیشتەجێبوونی واتە بەندیخانەی نۆشهەر لە پارێزگای مازەندەران و ئێستا دەبێ خۆی بە بەندیخانەی ئێڤین بناسێنێت و لەوێوە بۆ بەندیخانەی کەرەج دوور بخرێتەوە. جێگای ئاماژەیە کە داواکاری گشتی نۆشهەر حازر لەوبارەوە حازر نەبووە کە چاوی بە موژگان کاووسی بکەوێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی کاووسی لەوبارەوە بە هەنگاوی وت: “ئەگەری هەیە کە ئەو سزایە بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕێنی موژگان کاووسی بە بەرپرسانی بەندیخانەی ئێڤین و چەندین بار مانگرتن لە خواردنی ناوبراو دەرکرابێت”.

ئەم چالاکە کوردە ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی پووشپەڕی ٢٧٢١ (٢١ی جولای ٢٠٢١) بە هۆی تووشوون بە پەتای کۆرۆنا دوای نزیکەی ١٣ مانگ بەندکران لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران مافی مرەخەسی پێدرا.

موژگان کاووسی، نووسەر و لێکۆڵەری خەڵکی کەلاردەشت ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧١٩(١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩) ، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری نەوشەهر سەر بە پارێزگای مازەندەران دەستبەسەر و پاش مانگێک بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٢٧١٩ دانیشتنی دادگای پێداچوونەوەی موژگان کاووسی بەڕێوە چووە و حوکمی بەندکرانی ناوبراو بۆ ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران زیاد کراوە. ناوبراو مانگی سەرماوەز لەلایەن دادگای بەرایی شاری نۆشەهر بە ٦٩ مانگ بەندکران حوکم درابوو.

موژگان کاووسی بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” بە ٣٣ مانگ بەندکران، بە تۆمەتی “هاندانی خەڵک بۆ دروست کردنی بشێوی و تێکدانی ئاسایشی گشتی” بە ٣٦ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی “ پڕوپاگەندە دژ بە نیزام” حوکمی ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە. بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، لەو سێ حوکمە زۆرترینەکەیان واتە حوکمی ٣٦ مانگ بەندکران جێبەجێ دەکرێت.

موژگان کاووسی ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (١٩ی مەی ٢٠٢٠)، دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی شاری نۆشەهر کرا و ڕۆژی دووشەممە ٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (٢٢ی ژوئەنی ٢٠٢٠)، بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران گوازراوەتەوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە