موژگان کاووسی بۆ بەندیخانەی کەچوویی کەرەج دوورخرایەوە

هەنگاو: موژگان کاووسی چالاکی ئیتنیکی و هەڵسووڕاو لە بواری زمانی دایکی کە لە بەندیخانەی ئێڤین ڕاگیربوو،

١٨ ڕەزبەر ٢٧٢١، ٠٨:٤٧

 

هەنگاو: موژگان کاووسی چالاکی ئیتنیکی و هەڵسووڕاو لە بواری زمانی دایکی کە لە بەندیخانەی ئێڤین ڕاگیربوو، بۆ یەکێک لە بەندیخانەکانی شاری کەرەج سوورخرایەوە.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، موژگان کاووسی چالاکی ئیتنیکی و چالاکی بواری زمانی دایکی کە ڕۆژی پێنج شەممە ١٥ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١) لە بەندیخانەی ئێڤینی تارانەوە بۆ کەرەج دوورخرابوویەوە، ڕۆژی شەممە ١٧ی ڕەزبەر گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی کەچویی شاری کەرەج.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی کاووسی، موژگان کاووسی ڕۆژی شەممە دوای سێ ڕۆژ لە ڕێگای تەلەفوونەوە پەیوەندی بە بنەماڵەکەی کردووە ڕایگەیاندووە کە لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا لە دەستبەسەرگەی ژنانی ئیدارەی ئاگاهی کەرەج و دۆخێکی نالەبار و نامرۆڤانەدا ڕاگیراوم.

موژگان کاووسی لە حاڵێکدا کە پێشتر داوای کردبوو کە بگوازرێتەوە بۆ بەندیخانەی شوێنی لەدایکبوونی، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای مازەندەران فەرمانی دوورخرانەوەی بۆ یەکێک لە بەندیخانەکانی کەرەج دەرکرابوو و ئەم سزایە ڕۆژی شەممە ٩ی گەلاوێژی ٢٧٢١ (٣١ی جولای ٢٠٢١) بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

موژگان کاووسی، نووسەر و لێکۆڵەری خەڵکی کەلاردەشت ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧١٩(١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩) ، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری نەوشەهر سەر بە پارێزگای مازەندەران دەستبەسەر و پاش مانگێک بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٢٧١٩ دانیشتنی دادگای پێداچوونەوەی موژگان کاووسی بەڕێوە چووە و حوکمی بەندکرانی ناوبراو بۆ ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران زیاد کراوە. ناوبراو مانگی سەرماوەز لەلایەن دادگای بەرایی شاری نۆشەهر بە ٦٩ مانگ بەندکران حوکم درابوو.

موژگان کاووسی بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” بە ٣٣ مانگ بەندکران، بە تۆمەتی “هاندانی خەڵک بۆ دروست کردنی بشێوی و تێکدانی ئاسایشی گشتی” بە ٣٦ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی “ پڕوپاگەندە دژ بە نیزام” حوکمی ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە. بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، لەو سێ حوکمە زۆرترینەکەیان واتە حوکمی ٣٦ مانگ بەندکران جێبەجێ دەکرێت.

موژگان کاووسی ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (١٩ی مەی ٢٠٢٠)، دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی شاری نۆشەهر کرا و ڕۆژی دووشەممە ٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (٢٢ی ژوئەنی ٢٠٢٠)، بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران گوازراوەتەوە.

ئەم چالاکە کوردە ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی پووشپەڕی ٢٧٢١ (٢١ی جولای ٢٠٢١) بە هۆی تووشوون بە پەتای کۆرۆنا دوای نزیکەی ١٣ مانگ بەندکران لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران مافی مرەخەسی پێدرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە