موژگان کاووسی بۆ بەندیخانەی ئێڤین گوازراوەتەوە

هەنگاو: موژگان کاووسی، لێکۆڵەر و نووسەری کوردی خەڵکی کەلاردەشت لە باکووری ئێران کە ماوەیەک پێش لە بەندیخانەی نەوشهەر لە مافی

٥ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ٠٩:٥٥


هەنگاو: موژگان کاووسی، لێکۆڵەر و نووسەری کوردی خەڵکی کەلاردەشت لە باکووری ئێران کە ماوەیەک پێش لە بەندیخانەی نەوشهەر لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو، بۆ بەندیخانەی ئێڤین گوازراوەتەوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (٢٢ی ژوئەنی ٢٠٢٠)، موژگان کاووسی، بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی نەوشهەر سەر بە پارێزگای مازەندەران ڕاگیرابوو، بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران گوازراوەتەوە.


هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە، موژگان کاووسی بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە پەردەپۆش کردنی پەرەسەندنی پەتای کۆرۆنا لە بەندی ژنانی ئەو بەندیخانەیە و دۆخی نالەباری بەندیخانە، لە مافی مرەخەسی و چاوپێکەوتن و تەنانەت پەیوەندی تەلەفوونی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.


یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی کاووسی وێرای پشتڕاستکردنەوەی گواستنەوەی ناوبراو بۆ بەندیخانەی ئێڤین بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، موژگان کاووسی دوای ڕەزامەندی بەرپرسانی پەیوەندیدار، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بۆ بەندیخانەی ئێڤین گوازراوەتەوە، بەڵام ناوبراو هێشتا نەیتوانیوە پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بگرێت و ئێمە ئەو زانیاریانەمان لە ڕێگای پارێزەرەکەیەوە وەرگرتووە.


موژگان کاووسی ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧١٩(١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩) ، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری نەوشەهر سەر بە پارێزگای مازەندەران دەستبەسەر و پاش مانگێک بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو دانیشتنی دادگای پێداچوونەوەی موژگان کاووسی بەڕێوە چووە و حوکمی بەندکرانی ناوبراو بۆ ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران زیاد کراوە. ناوبراو مانگی سەرماوەز لەلایەن دادگای بەرایی شاری نۆشەهر بە ٦٩ مانگ بەندکران حوکم درابوو.


موژگان کاووسی بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” بە ٣٣ مانگ بەندکران، بە تۆمەتی “هاندانی خەڵک بۆ دروست کردنی بشێوی و تێکدانی ئاسایشی گشتی” بە ٣٦ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی “ پڕوپاگەندە دژ بە نیزام” حوکمی ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە. بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، لەو سێ حوکمە زۆرترینەکەیان واتە حوکمی ٣٦ مانگ بەندکران جێبەجێ دەکرێت.


موژگان کاووسی ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (١٩ی مەی ٢٠٢٠)، دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی شاری نۆشەهر کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە