موژگان کاووسی دیسان گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانەی کەچویی کەرەج

هه‌نگاو: موژگان کاووسی لێکۆڵەر و چالاکی ئیتنیکی کورد کە بە شێوەیەکی لەناکاو بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران گوازرابوویەوە، دیسان گوازرایە

٢١ ڕەزبەر ٢٧٢١، ٢٠:٥٥

 

هه‌نگاو: موژگان کاووسی لێکۆڵەر و چالاکی ئیتنیکی کورد کە بە شێوەیەکی لەناکاو بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران گوازرابوویەوە، دیسان گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی کەچوویی کەرەج.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی چوارشەممە ٢١ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (١٣ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، موژگان کاووسی لێکۆڵەر، چالاکی ئینیکی و چالاک لە بواری زمانی دایکی سەرلەنوێ لە بەندیخانەی ئێڤینی تارانەوە بۆ بەندیخانەی کەچویی کەرەج گوازرایەوە.

نیمەڕۆی ئەمڕۆ بە شێوەیەکی لەناکاو و کتوپڕ موژگان کاووسی لە بەندیخانەی کەچویی  کەرەج بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران گوازرایەوە. ناوبراو ئەمشەو بە تەلەفوون هەواڵی گەڕاندنەوەی بۆ بەندیخانەی کەچویی کەرەج ڕاگەیاندووە و توویە: “وێدەچێت داواکاری گشتیی کەرەج لە ناردنی من بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران تووشی هەڵە بووبێت”.

لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا ئەمە سێهەمین جارە کە موژگان کاووسی بێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی لە لە بەندیخانەیەکەوە بۆ بەندیخانەیەکی دیکە دەگوازرێتەوە و ئەمەش دڵنیگەرانی لای بنەماڵەکەی دروست کردووە.

موژگان کاووسی، نووسەر و لێکۆڵەری خەڵکی کەلاردەشت ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧١٩(١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩) ، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری نەوشەهر سەر بە پارێزگای مازەندەران دەستبەسەر و پاش مانگێک بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٢٧١٩ دانیشتنی دادگای پێداچوونەوەی موژگان کاووسی بەڕێوە چووە و حوکمی بەندکرانی ناوبراو بۆ ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران زیاد کراوە. ناوبراو مانگی سەرماوەز لەلایەن دادگای بەرایی شاری نۆشەهر بە ٦٩ مانگ بەندکران حوکم درابوو.

موژگان کاووسی بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” بە ٣٣ مانگ بەندکران، بە تۆمەتی “هاندانی خەڵک بۆ دروست کردنی بشێوی و تێکدانی ئاسایشی گشتی” بە ٣٦ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی “ پڕوپاگەندە دژ بە نیزام” حوکمی ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە. بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، لەو سێ حوکمە زۆرترینەکەیان واتە حوکمی ٣٦ مانگ بەندکران جێبەجێ دەکرێت.

موژگان کاووسی ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (١٩ی مەی ٢٠٢٠)، دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی شاری نۆشەهر کرا و ڕۆژی دووشەممە ٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (٢٢ی ژوئەنی ٢٠٢٠)، بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران گوازراوەتەوە.

ئەم چالاکە کوردە ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی پووشپەڕی ٢٧٢١ (٢١ی جولای ٢٠٢١) بە هۆی تووشوون بە پەتای کۆرۆنا دوای نزیکەی ١٣ مانگ بەندکران لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران مافی مرەخەسی پێدرا.

موژگان کاووسی ڕۆژی پێنج شەممە ١٥ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١) لە بەندیخانەی ئێڤینی تارانەوە بۆ کەرەج گوازرایەوە و دوای سێ ڕۆژ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ژنانی ئیدارەی ئاگاهی کەرەج ڕۆژی شەممە ١٧ی ڕەزبەر بۆ بەندیخانەی کەچویی کەرەج گوازرایەوە.

ئەم چالاکە کوردە لە کاتێکدا پێشتر داوای کردبوو کە بگوازرێتەوە بۆ بەندیخانەی شوێنی لەدایکبوونی، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای مازەندەران فەرمانی دوورخرانەوەی بۆ یەکێک لە بەندیخانەکانی کەرەج دەرکرابوو و ئەم سزایە ڕۆژی شەممە ٩ی گەلاوێژی ٢٧٢١ (٣١ی جولای ٢٠٢١) بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە