میکائیل مینبەری پاش سێ مانگ هێشتا دەستبەسەرە

هەنگاو: پاش سێ مانگ لە دەستبەسەرکرانی چالاکێکی خەڵکی گوندی نیەر ئەو چالاکە هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراوە.

١٩ خەرمانان ٢٧٢١، ١٠:١٢

 

هەنگاو: پاش سێ مانگ لە دەستبەسەرکرانی چالاکێکی خەڵکی گوندی نیەر ئەو چالاکە هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوای سێ مانگ لە دەستبەسەر کرانی میکائیل مینبەری، چالاکی خەڵکی گوندی نییەر سەر بە شاری سنە ناوبراو هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە ڕاگیراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی مینبەری، میکائیل مینبەری لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا لە هەبوونی مافی پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

ڕاگرتنی نایاسایی میکائیل مینبەری لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە کاتێکدایە کە ناوبراو نەخۆشیی گورچیلەی هەیە و وێڕای ئەوەی بەرپرسانی ئەمنی بەڵێنییان پێدابوو کە بیگوازنەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان، بەڵام هەتا ئێستا ئیزنیان نەداوە کە بەمەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان بەڕێ بکرێت.

میکائیل مینبەری کاتژمێر ٣:٣٠ دەقەی بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ٢٧٢١ (١٥ی ژوئیەی ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە دەستبەسەر کرا.

هەنگاو پێشتر لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی مینبەری ڕایگەیاندبوو کە نزیکەی ٣٠ کەس لە هێزە ئەمنییەکان بە بێ پیشاندانی بەڵگەی دادوەری بە زۆر چوونەتە ماڵ میکائیل مینبەری و بە نانەوەی ترس و دڵەڕاوکێ و بێ ڕێزی بە بنەماڵەکەی، دەستبەسەریان کردووە.

جێگای ئاماژەیە کە میکائیل مینبەری خەڵکی گوندی نییەر و دانیشتووی شاری سنەیە. هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەر کرانی میکائیل مینبەری دەستیان بە سەر مۆبایل و کەرەستە تاکەکەسییەکانیدا گرتووە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە