ڕاپۆرتێک لە سەر دوایین بارودۆخی سوعدا خەدیرزادە و کچەکەی لە بەندیخانەی ئورمیە

سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی کورد کە ماوەی ٨ مانگ لە دووگیان بوونەکەی خۆی لە بەندیخانە تێپەڕاند و دوو هەفتە پێش کۆرپەکەی بە نەشتەرگ

١١ پووشپەڕ ٢٧٢٢، ١١:١٨


هەنگاو: شەممە ١١ی پووشپەڕی ٢٧٢٢

سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی کورد کە ماوەی ٨ مانگ لە دووگیان بوونەکەی خۆی لە بەندیخانە تێپەڕاند و دوو هەفتە پێش کۆرپەکەی بە نەشتەرگەری سزاریەن لەدایکبوو و ئێوارەی هەمان ڕۆژ ڕەوانەی بەندی ژنانی بەندیخانەی ئورمیە کراوە، سەرباری ناجێگیربوونی باری تەندروستی و دەروونی، دوای لەدایکبوونی کۆرپەکەشی هێشتا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەرەکەی و هەروەها بنەماڵەکەی بێبەشە.

سەرچاوەکانی هەنگاو لە ناو بەندیخانەی ئورمیەوە ڕایانگەیاندووە کە سوعدا خەدیرزادە بە هۆی نەبوونی پرۆگرامێکی خۆراکی گونجاو لە کاتی دوو گیان بوون و دوای منداڵبوونەکەی و هەروەها ئەو گوشارە دەروونییەی ک ەلەکاتی دەستبەسەرکراندا لە سەری بووە، ئێستا لەگەڵ کەمیی شیر بۆ خۆراکی منداڵەکەی بەرەوڕوو بووەتەوە.

هەنگاو زانیویەتی کە سوعدا خەدیرزادە بۆ دابین کردنی خۆراکی کچەکەی بە ناوی سونیا (ئاڵا) لە ژنێکی دیکە کە ئەویش منداڵێکی شیرخۆری هەیە هاوکاری وەر دەگرێت و هەروەها شیری قوتو بەکار دەهێنێت کە ئەمە دەتوانێت تەندروستی منداڵەکەی بەرەوڕووی مەترسی بکاتەوە.

سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی پیرانشار کە ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ دوای ٨ مانگ بەندکران لە بەندیخانەی ئورمیە، تەنیا چەند کاتژمێر پێش لە نەشتەرگەریی سزاریەن ڕەوانەی نەخۆشخانە کرابوو، ئێوارەی هەمان ڕۆژ و بەبێ ئەوەی تەندروستی بە دەست بهێنێتەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گەڕێندراوەتەوە و لە دۆخێکی نالەباردا ڕاگیراوە.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە «سوعدا خەدیرزادە لە ماوەی ئەو ١٠ کاتژمێرەی کە لە نەخۆشخانە بووە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە و تەنیا یەک جار لەرێگای تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵیان کردووە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەست و لاقی بە تەخت (قەرەوێڵ) ی نەخۆشخانە بەستراوەتە کە دوای ناڕەزایەتی کادیری نەخۆشخانەکە ئەو هێزانە ناچار بوون کە دەستبەند و پاوەنەکەی بکەنەوە».

هەنگاو ماوەیەک پێش تۆمارێکی دەنگی سوعدا خەدیرزادەی بڵاو کردەوە کە، سوعدا خەدیرزادە تێیدا دەڵێت منیان وەک بارمتە لە بەندیخانە ڕاگرتووە و بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ هەڕەشەیان لە من کردووە.


سوعدا خەدیرزادە تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی پیرانشار ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گوازرایەوە. ناوبراو دوای ٢٥ ڕۆژ و تەواوبوونی لێپرسینەوەکانی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە و لەو کاتەوە بێ ئەوەی دادگایی بکرێت لە بەندی ژنان ڕاگیراوە لە خزمەتگوزاری پزیشکی تایبەت بە قۆناغی دووگیان بوون بێبەش کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە