ناسکێ ئیسماعیلی سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا

چالاکێکی ژنی خەڵکی سەردەشت بە ناوی ناسکێ ئیسماعیلی تەمەن ٢٧ ساڵ کە زستانی ڕابردوو لە سنووری ئەو شارە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە دەس

٢٣ گەلاوێژ ٢٧٢٢، ٢١:٥٨


هەنگاو: یەکشەممە ٢٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٢

چالاکێکی ژنی خەڵکی سەردەشت بە ناوی ناسکێ ئیسماعیلی تەمەن ٢٧ ساڵ کە زستانی ڕابردوو لە سنووری ئەو شارە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن دەزگای دادی ئەو وڵاتەوە سزای ١٩ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەم سزایە لەلایەن دادگای شۆڕشی ئورمیە و بە تۆمەتی ئەندامەتی داعش بە سەر ناسکێ ئیسماعیلی سەپاوە.


هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە، ناسکێ ئیسماعیلی زستانی ساڵی ڕابردوو (سەرەتای ژانویەی ٢٠٢٢) دوای ئەوەی لە سنووری سەردەشت خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا دەستبەسەر کراوە و لەو کاتەوە لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

جێگای باسە کە، هاوژینی ناسکێ ئیسماعیلی ٦ ساڵ پێش بە بیانووی چوون بۆ ئەورووپا ناوبراوی بردووەتە سووریا و پەیوەست بوون بە ڕێکخراوی داعش. ناسکە دوای ١٤ مانگ توانیویەتی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی داعش هەڵبێت و خۆی ڕادەستی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک بکات. ناوبراو دواجار دوای زیاتر لە ٤ ساڵ مانەوە لە کەمپی هێزەکانی سووریای دێموکراتیک زستانی ڕابردوو گەڕاوەتەوە ئێران و خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە.

بەگوێرەی تۆمارێکی دەنگی کە دەستی هەنگاو گەیشتووە، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا لە کاتی دەستبەسەرکران ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆری دەروونی و جەستەیی ناسکێ یان داوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە