ناهید کەمانگەر بە بارمتە ئازاد کرا

هەنگاو: ناهید کەمانگەر بەندکراوی سیاسی خەڵکی کامێران دوای نزیکەی دوو مانگ بەندکران بە دانانی بار

٦ خەرمانان ٢٧٢١، ١٨:٠٩

 

هەنگاو: ناهید کەمانگەر بەندکراوی سیاسی خەڵکی کامێران دوای نزیکەی دوو مانگ بەندکران بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٦ی خەرمانانی ٢٧٢١ (٢٨ی ئاگۆستی ٢٠٢١)، ناهید کەمانگەر، بەندکراوی سیاسی خەڵکی کامێران دوای ٥٢ ڕۆژ بەندکران بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی و هەتا ڕۆژی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا، ئازاد کرا.

بە وتەی نزیکانی بنەماڵەی کەمانگەر، ناهید کەمانگەر لەو ماوەی کە دەستبەسەر بووە لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

ئەو سەرچاوەیە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت وتیشی: “ناوەندە ئەمنییەتییەکان تۆمەتی ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)یان خستووەتە پاڵ ناهید کەمانگەر”.

ناهید کەمانگەر ڕۆژی دووشەممە ١٥ی پووشپەڕی ٢٧٢١ (٦ی جولای ٢٠٢١) دوای بانگ کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێران دەستبەسەر و بۆ بەندی ژنانی ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی شاری سنە گوازرایەوە.

ناهید کەمانگەر خوێندکاری ڕشتەی زمان و وێژەی کوردی زانکۆی کوردستانە.

جێگای ئاماژەیە کە ناهید کەمانگەر کچی حوسەین کەمانگەر بەندکراوی سیاسی کوردە کە ماوەی ١٥ ساڵەی حوکمی بەندکرانی خۆی لە بەندیخانەی ناوەندی شاری سنە تێپەڕ دەکات.

هەروەها، ڕاشد مونتەزری هاوژینی ناهید بە هەمان تۆمەت سزای ١٤ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە و ئێستا لە بەندیخانەی کامێران سەرقاڵی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەیەتی.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە