ناڕوونی چارەنووسی چیا ئاقابەیگ پوور هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان

هەنگاو: دوای زیاتر لە ٣٥ ڕۆژ لە دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی ناوبراو لە بەر دەستدا نییە.

١٠ خەرمانان ٢٧٢١، ٠٩:٣٥

 

هەنگاو: دوای زیاتر لە ٣٥ ڕۆژ لە دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی ناوبراو لە بەر دەستدا نییە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە ٣٥ ڕۆژ لە دەستبەسەر کرانی چیا ئاقابەیگ پوور تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی گوندی “ڕەحیم خان” سەر بە شاری بۆکان، هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی ناوبراو لە بەر دەستدا نییە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئاقابەیگ پوور لەمبارەوە بە هەنگاوی وت: “چیا ئاقابەیگ پوور دوای دەستبەسەر کران بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای ئورمیە گوازراوەتەوە و تا ئێستا نە لەگەڵ بنەماڵەکەی پەیوەندی گرتووە و هەروەها لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە”.

جێگای ئاماژەیە کە چیا ئاقابەیگ پوور کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممە ٧ی گەلاوێژی ٢٧٢١ (٢٩ی جولای ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای بۆکان دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گوازراوەتەوە.

هەمان سەرچاوە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لە درێژەدا بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند: “زیاتر لە ١٠ کەس لە هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا لەکاتێکدا بنەماڵەی چیا ئاقابەیگ پوور لە خەودا بوون هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان و تەنانەت ئیزنیان نەداوە کە چیا جلەکانی بگۆڕێت و هەر بەو جلانەی کە پێوە خەوتبوو، بردویانە”.

چیا ئاقابەیگ پوور تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی گوندی ڕەحیم خانی بۆکان، خێزاندار و باوکی دوو منداڵی کەم تەمەنە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە