نەغەدە/ دوو بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندی وەلانانی ماددەی هۆشبەر ڕاگیراون

١٨ خاکەلێوە ٢٧٢١، ٠٠:٣٤

 

هەنگاو: دوو بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ کە کۆتایی ساڵی ڕابردوو بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەیان دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گوازرابوونەوە، لە بەندی تایبەت بە وەلانانی ماددەی هۆشبەر ڕاگیراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕەحیم ڕەفعەتی و ڕەحمان تابش، دوو بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ کە نزیکەی مانگێک پێش ئێستا بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەیان کە هەر کامەیان ٣ ساڵ و ٧ مانگ بەندکران بوو دەستبەسەر کرابوون، لە حەوشەی بەندیخانەی نەغەدە و لە ژوورێک کە تایبەتە بە وەلانانی ماددە هۆشبەرەکان لەگەڵ ٨ بەندکراوی گیرۆدەی مادەی هۆشبەر ڕاگیراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە لە هەموو مافەکانی خۆیان وەکوو بەندکراوێکی سیاسی بێبەش کراون و تەنانەت ئیزنی چوونە ناو حەوشەی بەندیخانەی و سەردانی باقی بەندەکانی دیکەیان پێ نادرێت.

ڕەحیم ڕەفعەتی و ڕەحمان تابش لە ڕێکەوتی ٤ و ١٥ی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ ٦ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شنۆ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و دوای دوو مانگ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

پاییزی ساڵی ڕابردوو  هەر یەک لە ڕەحیم ڕەفعەت و ڕەحمان تابش لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری شنۆوە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ٣ ساڵ و ٧ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی دژایەتی نیزام سزای ٨ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە کە بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، زیاترین حوکم واتە حوکمی ٣ ساڵ و ٧ مانگ بەندکران شیاوی جێبەجێ کردنە.

ڕەحیم ڕەفعەتی و ڕەحمان تابش ڕۆژی دووشەممە ١٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٠ (٨ی مارسی ٢٠٢١)، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەیان دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە کران.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە