نەوید کۆنەپۆشی چالاکی ژینگەپارێزی مەریوانی ئازاد کرا

هەنگاو: چالاکێکی ژینگەپارێزی خەڵکی مەریوان دوای دوو مانگ دەستبەسەر کران بە بارمتە ئازاد کرا.

١٢ بەفرانبار ٢٧٢١، ١٠:٠٠

 

هەنگاو: چالاکێکی ژینگەپارێزی خەڵکی مەریوان دوای دوو مانگ دەستبەسەر کران بە بارمتە ئازاد کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١١ی بەفرانباری ٢٧٢١ (١ی ژانویەی ٢٠٢٢)، نەوید کۆنەپۆشی چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی مەریوان دوای دوو مانگ دەستبەسەر کران بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئەو شارە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، نەوید کۆنەپۆشی لەو ماوەیەدا کە دەستبەسەر بووە لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و ناوەندە ئەمنییەکان ناوبراویان بە هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی دژبەری حکوومەت تۆمەتبار کردووە.

نەوید کۆنەپۆشی تەمەن ٣٠ ساڵ کە ماوەی ١٠ ساڵە کاری ژینگەپارێزی دەکات و ئەندامێکی چالاکی ئەنجومەنی سەوزی چیای شاری مەریوانە، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (٣١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١) دوای بانگ کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دەستبەسەر کرا.

جێگای ئاماژەیە کە ئیدارەی ئیتلاعات برایەکی نەوید کۆنەپۆشییان وەکوو بارمتە دەستبەسەر کردبوو و هەتا نەوید خۆی ڕادەست نەکردبوو، ئەو برایە ئازاد نەکرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە