هادی محەمەدزادە دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی سەقز گوازرایەوە

هەنگاو: هادی محەمەدزادە، ئەندامی گرووپی شاخەوانیی ”هەڵۆ“ی سەقز بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمی بەندکرانەکەی، خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ناساند.

٦ گەلاوێژ ٢٧٢٠، ٢٢:١١


هەنگاو: هادی محەمەدزادە، ئەندامی گرووپی شاخەوانیی ”هەڵۆ“ی سەقز بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمی بەندکرانەکەی، خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ناساند.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ (٢٧ی ژوئیەی ٢٠٢٠)، هادی محەمەد زادە ئەندامی گرووپی شاخەوانیی هەڵۆ بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی پێنج مانگ حوکمی بەندکران خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سەقز ناساندووە.


هادی محەمەدزادە ڕۆژی سێشەممە ١٨ی پووشپەڕی ٢٧١٩ (٩ی ژوئیەی ٢٠١٩)، لەگەڵ ئەندامێکی دیکەی گرووپی شاخەوانیی هەڵۆ بە ناوی ”فایق یوسفی“ دەستبەسەر و پاش یەک مانگ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.


 ئەو دوو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧١٩ (١٦ی نۆڤەمبری ٢٠١٩)، لەلایەن دادسەرای گشتی و شۆڕشی شاری سەقزەوە دادگایی کران و بە پێی ئەو حوکمە کە بە تۆمەتی ”پڕوپاگەندە دژ بە نیزام لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی تراکت“  بەسەر ئەو دوو شاخەوانەدا سپاو،  ”فایق یوسفی“ حوکمی ١٠ مانگ و ”هادی محەمەدزادە“ حوکمی ٨ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە. هەروەها لە تۆمەتی ئەندامەتی حیزبی دێموکرات بێ بەری بوون.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هادی محەمەد زادە لەو ڕووەوە کە ملکەچی حوکمی دادوەر بووە حوکمەکەی دوو مانگ کەم کراوەتەوە و چونکوو پێشترش یەک مانگ بەندکراوە، بەم پێیە دەبێ پێنج مانگ لە بەندیخانە بمێنیتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە