هاووڵاتییەکی خەڵکی بانە سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی بانە لەلایەن لقی دادگای شۆڕشی سەقز جێگیر لە شاری بانە سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا.

٢١ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ١٢:٠٦

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی بانە لەلایەن لقی دادگای شۆڕشی سەقز جێگیر لە شاری بانە سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هاووڵاتییەکی خەڵکی بانە بە ناوی عەبدولواحید عەباسی زادە تەمەن ٣٥ ساڵ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سەقز جێگیر لە شاری بانە بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەکبەر میرزایی سزای ٣ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

هەنگاو زانیویەتی کە ئەم سزایە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە بە قازانجی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان» دەرچووە و ناوبراو لە کاتی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە.

بەگوێرەی سزاکە ماوەی دەستبەسەرکرانی پێشووی هەژمار دەکرێت و ماوەی سزاکەی بۆ ماوەی ٣ ساڵ هەڵپسێردراوە و لەو سێ ساڵەدا دەبێت مانگانە یان هەر سێ مانگ جارێک خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە بناسێنێت.

عەبدولواحید عەباسی زادە ڕۆژی شەممە ١ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (٢١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە دەستبەسەر و دوای ١٧ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی هەتا کۆتایی پرۆسەیی دادگایی کردنەکەی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی بانە ئازاد کرا.

جێگای ئاماژەیە کە عەبدولواحید عەباسی زادە خەڵکی گوندی «کەوپێچی خواروو» یە و خێزاندار و باوکی سێ منداڵە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە