هاوژینی بێهرووز ڕەحیمی: ئێران هەڕەشەی لەئێمە کردووە و پێشنیاری هاوکارییان پێمان داوە

هەنگاو: هاوژینی بێهرووز ڕەحیمی ناسراو بە ڕێبین چالاکی سیاسی خەڵکی دیواندەرە کە ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە لە شاری سلێمانی ک

٢٤ پووشپەڕ ٢٧٢١، ٠٣:٤٦

 

هەنگاو: هاوژینی بێهرووز ڕەحیمی ناسراو بە ڕێبین چالاکی سیاسی خەڵکی دیواندەرە کە ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە لە شاری سلێمانی کوکرا لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەنگاو ڕایگەیاند کە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە هەڕەشەیان لێ کراوە.

ڕۆناهی، هاوژینی بێهرووز ڕەحیمی لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەنگاو وتی: “ ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ هیچ کەس یان لایەنێک نیە و تەنیا کۆماری ئیسلامی ئێران دوژمنی ئێمەیە و هێزەکانی ئەوان (هێزە ئەمنییەکانی ئێران) سێ مانگ پێش هەڕەشەیان لە ئێمە کردووە”.

ناوبراو لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتی: “ دەستوپەیوەندیەکانی ئێران بەهاری ئەمساڵ لە ڕێگای تەلەفوون و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەیان لە ئێمە کردووە کە دەست لە چالاکییەکانمان هەڵبگرین و دوای ئەوەی زانیویانە کە کۆڵ نادەین ئەمجارەیان پێشةیاریان پێمان کردووە کە لەبەرانبەر پارە هاوکارییان بکەین کە وڵامی ڕەدمان پێیان داوەتەوە”.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە، کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە ٢٣ی پووشپەڕی ٢٧٢١ (١٤ی جەلای ٢٠٢١)، چالاکێکی سیاسیی خەڵکی دیواندەرە بە ناوی "بێهرووز رەحیمی" ناسراو بە ڕێبین، کە تەمەنی ٤٩ ساڵ بووە، لە شوێنی کارەکەی لە گەڕەکی ژاڵەی سلێمانی کە لە دەرەوەی شار هەڵکەوتووە، لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە کوژرا.

ئەم چالاکە سیاسییە پاسەوانی کۆگایەک بووە و لە لایەن سەرنشینانی ئوتۆمبێلێکی BMWی ڕەش بە دەمانچەیەک کە بێدەنگکەری لەسەر بووە، لە پشتەسەرڕا تەقەی لێ کراوە و لە پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی شۆڕشی سلێمانی بە هۆی قووڵ بوونی برینەکەیەوە گیانی لە دەستداوە.

ڕێبین خەڵکی گوندی شاقەڵای دیواندەرە سەر بە پارێزگای سنە و یەکێک لە ئەندامانی چالاکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بووە و لە دە ساڵ لەمەوبەرەوە وەک پەنابەری سیاسی لە هەرێمی کوردستان نشتەجێ بوو. ناوبراو سەرەتا لە قەڵادزێ دادەنیشت و لەم ساڵانەی دواییشدا دانیشتووی سلێمانی بووە.

تەرمی ڕێبین رەحیمی گوازراوەتەوە بۆ پزیشکی دادی سلێمانی و بڕیارە ئەمڕۆ ڕادەستی بنەماڵەکەی بکرێ.

تا کاتی بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هێچ روونکردنەوەیەکیان لەمبارەیەوە نەداوە.

جێگای وەبیر هێنانەوەیە کە  لە چەند دەیەی ڕابردوودا نزیک ٤٠٠ کەس لە چالاکانی سیاسی و ئەندامانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان لەلایەن دەستوپەیوەندییەکانی ئێران و گرووپەکانی نزیک بەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان تیرۆر کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە