هۆشیار شەعبانی لە ژێر ئەشکەنجەدا تووشی خوێنبەربوونی گەدە بووە

هه‌نگاو: یەکێک لە چالاکانی مەدەنی خەڵکی بانە کە سەرەتای مانگی خەرمانان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە، لە ئاکامی ئەشکەنجەی هێزە ئەم

١٩ خەزەڵوەر ٢٧٢١، ١٠:٥٧

 

هه‌نگاو: یەکێک لە چالاکانی مەدەنی خەڵکی بانە کە سەرەتای مانگی خەرمانان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە، لە ئاکامی ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان تووشی خوێنبەربوونی گەدە بووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا هۆشیار شەعبانی چالاکی مەدەنی بانە کە زیاتر لە دوومانگە دەستبەسەر کراوە، بە هۆی ئەشکەنجە کرانی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانه تووشی خوێنبەربوون بووە و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ و لە کەشێکی ئەمنیدا لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی بانە خەوێندراوە و پاشان دیسان بەڕێکراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئەو شارە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی شەعبانی، هۆشیار لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی بانە ئەشکەنجە و ئازار دراوە و لە ماوەی ئەو سێ ڕۆژەش کە لە نەخۆشخانە خەوێندراوە ئیزنیان نەداوە کە بنەماڵەکەی چاویان پێبکەوێت.

ئەو سەرچاوەیە کە ناوی لای هەنگاو پارێزراوە وتیشی، ناوبراو لە ماوەی ئەو دوو مانگ و دوو حەوتوویەدا تەنیا یەکجار و ئەویش لە ڕێگەی تەلەفوون لەگەڵ بنەماڵەکەی پەیوەندی هەبووە و لە مافی چاوپێکەوتن لە گەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.

هۆشیار شەعبانی تەمەن ٢٨ ساڵ ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خەرمانانی ٢٧٢١ (٢٩ی ئاگۆستی ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانه دەستبەسەر کرا.

هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەر کران و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ هۆشیار شەعبانی نادیارە.

هۆشیار شەعبانی لە پاییزی ساڵەکانی ٢٧١٧ (٢٠١٧) و ٢٧١٩(٢٠١٩) و لە کاتی دەستبەسەرکرانی بەربڵاوی هاووڵاتیانی کورد پاش بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان و ئیدانەکردنی لەشکرکێشیی تورکیا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، دەستبەسەر کرابوو.

ئەم چالاکە کوردە لە کۆتایی پاییزی 2719 دا لە لایەن دادسەرای گشتیی بانەوە بە تۆمەتی جووڵانەوە لە دژی ئاسایشی گشتی لە پاش لەشکرکێشیی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، سزای حەوت مانگ بەندکرانی بۆ بڕابووەوە و لە پاش تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە