هێمن مام قادر بەندکراوی سیاسی پێشووی کورد دەستبەسەر کرایەوە

٤ پووشپەڕ ٢٧٢٢، ١٨:٢١


شەممە ٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٢

هێمن مام قادر بەندکراوی سیاسی پێشووی خەڵکی بۆکان ڕۆژی شەممە ٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە شاری ئورمیە گوازرایەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هەنگاو، هێزە ئەمنییەکان بە بێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری هێمن مام قادریان دەستبەسەر کردووە و هەتا ئێستا زانیارییەکی ورد لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ناوبراو لە بەر دەستدا نییە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی شەممە ٢٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ دوای تێپەڕاندنی ٣ ساڵ لە سزای ٥ ساڵ بەندکرانەکەی بەر لێبوردنی نەورۆزی کەوت و لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان ئازاد کرا.

هێمن مام قادر کۆتایی بەهاری ٢٧١٧ دەستبەسەر و مانگی خەزەڵوەری هەمان ساڵ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سەقز بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو.

ناوبراو پاییزی ٢٧١٩ لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقزەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان گوازرایەوە و هەتا کاتی ئازادی لەو بەندیخانەیە ڕاگیرابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە