هەنگاو ناسنامەی دووەمین کوژراوی ناڕەزایییەکانی کرماشان ئاشکرا دەکات

لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی (٢٠ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ی زایینی)، لاوێکی تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی شاری کرماشان

١ ڕەزبەر ٢٧٢٢، ١٦:٠٣


هەنگاو: هەینی، ١ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ی کوردی


لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی (٢٠ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ی زایینی)، لاوێکی تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی شاری کرماشان بە ناوی ڕەزا شەهپەرنیا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی دژە شۆڕشی ڕژێمی ئێران لەو شارە کوژراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕەزا شەهپەرنیا لە درێژەی ڕەوتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان و شاری کرماشان لەسەر کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە، لە نزیکی گۆڕەپانی فیردەوسیی ئەو شارە، هێزەکانی حکومەت تەقەیان لێ کردووە و گوللە سینگی پێکاوە و گیانی لەدەست داوە.


پاش سێ ڕۆژ لە کوژرانی ئەو لاوە کوردەی خەڵکی شاری کرماشان، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی لە گۆڕستانی بریمەوەندی ئەو شارە لە کەشێکی بەتەواوەتی ئەمنییەتیدا بەڕێوە چووە و تەرمەکەی بە خاک سپێردراوە.


بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی هەنگاو، ناوەندە ئەمنییەتییەکانی حکومەتی ئیسلامیی ئێران گوشاریان بۆ بنەماڵەی ئەو لاوە کوژراوە هێناوە تاکوو ڕەزا شەهیرنیا وەکوو شەهیدی حکومەت لە قەلەم بدەن و لە ناوەندی کوژراوانی ڕژێمدا ناوی تۆمار بکەن، هەروەها بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە کوڕەکەیان لەلایەن دژبەرانی حکومەتی ئێران کوژراوە.

شایانی باسە کە هەر لەو ڕۆژەدا ژنێکی تەمەن ٦٢ ساڵ و خەڵکی شاری قەسرشیرین و دانیشتووی شاری کرماشان بە ناوی مینو مەجیدی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی چەکدارەکانی حکومەتی ئێران لە کرماشان کوژراوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە