هەنگاو ناسنامەی ١٤ کەس لە دەستبەسەرکراوانی ئاشکرا دەکات

هەنگاو: لە ڕەوتی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە شاری بانە نزیک بە ٢٠ کەس لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان دەستبەسەر و دەیان هاووڵاتیی دیکەش

٢١ خەزەڵوەر ٢٧٢١، ١٢:١٩

 

هەنگاو: لە ڕەوتی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە شاری بانە نزیک بە ٢٠ کەس لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان دەستبەسەر و دەیان هاووڵاتیی دیکەش ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی ڕابردوو ٢٠ خەزەڵوەری ٢٧٢١ (١١ی نۆڤەمبری ٢٠٢١) ڕاپۆرتێکی لەسەر دەستبەسەرکرانی لانیکەم ١٨ هاووڵاتی لە شاری بانە لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بڵاو کردەوە و لە دوایی بەدواداچوونی زیاتر تا ئێستا ناسنامەی ١٤ کەس لە دەستبەسەرکراوان بە شێوەی خوارەوە بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە؛

سەلاح پزیشکی، ڕەفێق پزیشکی، مەناف پزیشکی (وەفا) ، بێهزاد پزیشکی، کەریم پزیشکی، ئەبوبەکر پزیشکی، ئەحمەد پزیشکی، فەرهاد پزیشکی، فەرزاد پزیشکی، ئەرسەلان پزیشکی، کامران پزیشکی، جەماڵ موروەتی و عوسمان محەمەدپور.

هەنگاو ئاگادار بووە کە سەلاح، مەناف و ڕەفێق برای یەکترین و هەروەها کەریم و ئەبوبەکریش برا و ئامۆزای سێ کەسەکەی دیکەن.

هەنگاو، شەوی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات چەندین ئۆتومبیلی مانگی سووری بانەیان بەکارهێناوە و هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندەکانی “چۆمان، کەوپێچ، نەمەشێر و نجنێ” و دەستیان داوەتە دەستبەسەرکرانی بەربڵاوی خەڵک و هەروەها بنەماڵەی ئەم کەسانەیان داوەتە بەر لێدان و بێڕێزی پێ کردن.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو، دەیان هاووڵاتی خەڵکی بانە شەوی ڕابردوو لە ترسی دەستبەسەرکران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە ماڵی و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە، یەکێک لەم هاووڵاتییانە کە دانیشتووی یەکێک لەو گوندانەیە کە لەسەرەوە ئاماژەی پێدراوە،  شەوی ڕابردوو لە شاخەکانی نزیک لە گوندی خۆیان بووە و لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند هێزە ئەمنییەکان بۆ دۆزینەوەی ئەم کەسانە کەڵکیان لە فرۆکەی بێ فرۆکەوان وەرگرتووە.

شایانی باسە کە بەشێک لە کەناڵە خۆجێیەکان ڕایانگەیاندووە سەعید قادری و ئیبراهیم قادری دەسبەسەرکراون کە دوای بەدواداچوونەکانی هەنگاو دەرکەوت ئەم دوو کەسە دەستبەسەر نەکراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە