ئورمیە: دوو چالاکی کورد سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپا

هەنگاو: دوو چالاکی کوردی خەڵکی ئورمیە کە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.

٢٦ ڕەشەمە ٢٧٢١، ١٠:٣١

 

هەنگاو: دوو چالاکی کوردی خەڵکی ئورمیە کە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕەشەمەی ٢٧٢١ (١٤ی مارسی ٢٠٢٢)، دوو هاووڵاتی خەڵکی ئورمیە بە ناوەکانی ئەمین ئێرانی زادە و شێرزاد شەوقی قاسملوو لەلایەن دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان دژی ئاسایشی گشتی لەڕێگەی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپا.

بە گوێڕەی ئەم سزایە شێرزاد شەوقی قاسملوو خەڵکی گوندی «مام براییم» سزای ٣ ساڵ بەندکران و ئەمین ئێرانی زادە خەڵکی گوندی «قاسملوو» سزای ٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

ئەمین ئێرانی زادە ڕۆژی دووشەممە ١٤ی پووشپەڕی ٢٧٢١ (٥ی جولای ٢٠٢١) و و شێرزاد شەوقی قاسملوو ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی پووشپەڕ (١١ی جولای) لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون.

ئەم دوو هاووڵاتییە دوای نزیکەی دوو مانگ بەندکران دواجار ڕۆژی شەممە ٦ی خەرمانانی ٢٧٢١ (٢٨ی ئاگۆست) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا تەواوبوونی پرۆسەی دادگایی کردنەکەیان لە بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ ئازاد کرابوون.

هەنگاو پێشتر ڕای گەیاندبوو کە ئەم دوو هاووڵاتییە لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بوون لە مافی هەبوونی پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە