ئومێد مەعرووف خەڵکی شنۆ سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ کە پاییزی ٢٧٢٠ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا

١١ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ٢٠:٢٤

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ کە پاییزی ٢٧٢٠ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا و بەمەش لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا لانی کەم ١٥ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئومێد مەعرووف، خەڵکی گوندی «ئاڵیاوێ» ی شنۆ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕەزایی سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سزایە بە تۆمەتی «ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» بە سەر ئومێد مەعرووف سەپاوە و ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.»

ئومێد مەعرووف ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (١٥ی دیسەمبەری ٢٠٢٠) بە بێ پیشاندانی بەرگەی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیدا و لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ دەستبەسەر کراو و پاش نزیکەی ٤٠ ڕۆژ بەندکران بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی ئازاد کرا.

جێگای ئاماژەیە کە ئومێد مەعرووف لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بووە لە مافی هەبوونی پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا لانی کەم ١٥ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە سەرۆکایەتی دادوەر ڕەزای بە تۆمەتی هاوکاری و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرجەم سزای ٤٦ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە