پشتڕاستکرانەوەی تووشبوونی بەندکراوێکی سیاسی بە کۆرۆنا لەلایەن بنەماڵەکەیەوە

هەنگاو: دوای ئەوەی هەنگاو ڕایگەیاندبوو کە بەندکراوێکی سیاسی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە تووشی پەتای کۆرۆنا بووە، بنەماڵەی ئەو بەندکراوە

٢٩ بانەمەڕ ٢٧٢٠، ٢١:٤٠


هەنگاو: دوای ئەوەی هەنگاو ڕایگەیاندبوو کە بەندکراوێکی سیاسی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە تووشی پەتای کۆرۆنا بووە، بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسییە هەواڵەکەیان پشتڕاست کردەوە.


بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو پێشتر بڵاوی کردبوویەوە، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (١٠ی مەی ٢٠٢٠)، بەندکراوێکی سیاسی بە ناوی ”محەمەد شەریف سالم“ لە ناو بەندیخانەی ئورمیە تووشی پەتای کۆرۆنا بووە و بۆ دەرەوەی بەندیخانە گوازراوەتەوە.


پاش حەفتەیەک، یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسیە وێرای پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکانی هەنگاو ڕایگەیاند کە، محەمەد شەریف سالم ئێستا لە نەخۆشخانەی تاڵقانی ئورمیە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.


محەمەد شەریف سالم تەمەن ٤١ ساڵ و خەڵکی دزەی مەرگەوەڕی ئورمیەیە کە هاوینی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر و پاییزی هەمان ساڵ لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی ”هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران“ حوکمی پێنج ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا. ئە وحوکمە مانگی بەفرانبار لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئورمیە بۆ سێ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.

پشتڕاستکردنەوەی تووشبوونی محەمەد شەریف سالم بە پەتای کۆرۆان لەحاڵێکدایە کە، حەمزە بروجنی، سەرۆکی گشتیی بەندیخانەکانی پارێزگای ئورمیە لە وتوێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی حکوومەتی میزان وێڕای بەدرۆ خستنەوەی هەواڵێکی هەنگاو لەوبارەوە وتبووی کە، هەتا ئێستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا لە بەندیخانەی ئورمیە نەبیندراوە.


بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هەتا ئێستا ٧ بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە هۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە و زیاتر لە سەد بەندکراوی دیکە تووشبوون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە